Apora Logo

هەسەدە بەرانبەر بە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە بێدەنگ نابین، چونكە ئاسایشی تەواوی سووریا دەخاتە مەترسییەوە

هەسەدە  بەرانبەر بە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە بێدەنگ نابین، چونكە ئاسایشی تەواوی سووریا دەخاتە مەترسییەوە

هەسەدە بڵاوی كردەوە، هێزەکانمان بە شێوەیەکی بەرپرسانە وەڵامی هێرشەکەی ڕەقەیان دایەوە و تێكیانشكاند

16/11/2025

دەربارەی هێرشە چەکدارییەکەی ڕۆژی ڕابردوو کە هێزەکانی دەسەڵاتی کاتیی دیمەشق کردیانە سەر گوندی غانم عەلی لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ڕەقە، هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی هەسەدە بەمجۆرەیە:-

لە چوارچێوەی هێرشێکی دیکە، کە ڕەنگدانەوەی پاشاگەردانی و بێدیسپلینی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقە، هێزەکانمان لە میحوەری گوندی غانم عەلی لە ڕۆژهەڵاتی ڕەقە، کەوتنە بەر هێرشێکی ترسنۆکانە و خیانەتکارانە، کە تێیدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و چەکی قورسیان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بەکارهێنا، بەبێ ئەوەی هیچ ڕەچاوی سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی و سەقامگیری ناوچەکەش بکەن.

هێزەکانمان زۆر بەرپرسیارانە وەڵامی ئەم هێرشەیان دایەوە، لە ئەنجامی پێکدادانەکان سێ ئەنداممان بە سوکی برینداربوون و لەناو ڕیزەكانی چەکدارەکانی دەسەڵاتی كاتی دیمەشق زیانی گیانی هەبووە و ئەم ڕەفتارە بێباکانەیەش ئیرادەی ئەو لایەنانە پشتڕاست دەکاتەوە، بۆ ڕاکێشانی هەرێمەکە بۆ ناو گرژیی زیاتر و تێکدانی هەموو هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.

ڕاشیدەگەیەنین، وەڵامدانەوەی هێزەکانمان لەگەڵ ئاست و سرووشتی هێرشەکەدا گونجاو بووە، لە هەمان کات بە تەواوی دانبەخۆداگرتن و بەرپرسیاریی مامەڵەمان کردووە، بۆئەوەی ململانێکان پەرەنەسێنن، بەڵام دووپاتی دەکەینەوە کە لە بەرانبەر هێرشە دووبارەکاندا بە بێدەنگی ڕاناوەستین، ئێمە وەڵامی ئەو جۆرە هێرشانە دەدەینەوە و ڕێوشوێنی گونجاو دەگرینەبەر بۆ پاراستنی گەلەکەمان و ناوچەکانمان و هێزەکانمان لە هەر هەڕەشەیەک.

داوا لەو لایەنانە دەکەین کە پشتیوانی ئەم گرووپە چەکدارییانە دەکەن، کە کۆنتڕۆڵیان بکەن و لە کارە نابەرپرسیارییەکانیان ڕایانبگرن، چونکە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا دروست دەکەن.

;