Apora Logo

سەرۆکی دەزگای قەزایی ئێران داوای تووندتركردنى ياساى حیجاب ده‌كات

سەرۆکی دەزگای قەزایی ئێران داوای تووندتركردنى ياساى حیجاب ده‌كات

فاتمە موهاجرانی گوتەبێژی حکوومەتی ئیران مانگی رابردوو پشتڕاستی کردەوە، کە بە دڵنیاییەوە ناتوانین تاک بە تاک لەبەرکردنی حیجاب بسەپێنین بەسەر ژناندا،

15/11/2025

غوڵام حسێن موحسینی ئێجێی، سەرۆکی دەزگای قەزایی ئێران، رایگه‌یاند، خوازیاری گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی تووندتره‌ بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییە نائاساییەکان، بە تایبەتی ئاماژەی بە لاوازی یاساكان سەبارەت بە پۆشینی زۆره‌ملێی حیجاب کرد.

پابەندبوون بە یاسای حیجاب لەم ساڵانەی دواییدا جیاواز بووە، بەتایبەتی لە شارە گەورەکان و تاران بەتایبەتی، کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەبێ ئەوەی سەریان بە تەواوی داپۆشن، بە پۆشینی جینز و پێڵاوی وەرزشی بەدەوری خۆیاندا دەسوڕێنەوە، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەتی لەنێو کۆنەپەرستاندا.

غوڵام حسێن موحسینی ئێجێی، سەرۆکی دەزگای قەزایی ئێران رایگه‌یاندووه‌: من په‌یامم بۆ داواکاری گشتیی وڵاتەکەم ناردووه‌ و داوام كردووه‌ کە دەزگا ئەمنییەکان جێبەجێکردنی یاسا شه‌رعییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ حیجاب تووندتر بكه‌نه‌وه‌،ئه‌وه‌ش بۆ رێگرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنەوەی ژنان و رێکخراوەکان و قەوارە بیانییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە دەرکەوتەکانی هەوڵەکانی دوژمن لە پرسی رووت كردنه‌وه‌ی ئافره‌تانی ئێران و لەبەرنەکردنی حیجابدایە. 

دیاردەی پابەندنەبوون بە یاسای حیجاب لە ئێران لە دوای ناڕەزایەتییەکانی دوای مردنی مەحسا ئەمینی لە مانگی ئەیلولی 2022 سه‌ریهه‌ڵدا کە لە دەستبەسەری پۆلیسی ئەخلاقدا بوو، بە تۆمەتی پێشێلکردنی ئازادی جلوبەرگه‌كه‌ی.

لای خۆیه‌وه‌، فاتمە موهاجرانی گوتەبێژی حکوومەتی ئیران مانگی رابردوو پشتڕاستی کردەوە، کە بە دڵنیاییەوە ناتوانین تاک بە تاک لەبەرکردنی حیجاب بسەپێنین بەسەر ژناندا، پاساویشی بۆ ئه‌مه‌ هەڵوێستی مەسعوود پزیشكیان سه‌رۆك كۆماری ئیران بوو كه گوتی ناتوانین یاساكانی حیجاب به‌ زۆره‌ملێ به‌سه‌ر هیچ كه‌سدا بسه‌پێنین، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی تووندی كۆنه‌په‌رستانی له‌ ئێران لێكه‌وته‌وه‌. 

;