Apora Logo

ترەمپ: بڕیاری خۆم لە بارەی ڤەنزوێلا داوە

ترەمپ: بڕیاری خۆم لە بارەی ڤەنزوێلا داوە

ترەمپ رایگەیاند، تاڕادەیك بڕیاری خۆم لە بارەی ڤەنزوێلا داوە، ئاژانسی ڕۆیتەرزیش رایگەیاند چەند بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ، هەفتەی ڕابردوو سێ کۆبوونەوەیان لە کۆشکی سپی ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەكان بەرامبەر بە ڤەنزوێلا لە ناویاندا کردەوەی سەربازی.

15/11/2025

رۆژی شەممە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، دوای دوو مانگ لە هێرش بۆ سەر كەشتییەكان لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا لەسەر فەرمانی ترەمپ فڕۆکەی جەنگی ئێف-٣٥ و کەشتی جەنگی و ژێردەریایی ئەتۆمیی لەناوچەکە جێگیرکراوە، پێشتر گروپی کەشتی هەڵگری یو ئێس ئێس جیراڵد فۆرد هاتە ناوچەی ئەمریکای لاتین و زیاتر لە ٧٥ فڕۆکەی سەربازی و زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو.


ترەمپ ڕۆژی هەینی ئاماژەی بەوەدا کە بەم زووانە بڕیارێک سەبارەت بە کردەوەی سەربازی دژی ڤەنزوێلا دەدات کە بە وتەی خۆی پەیوەندییەکی نزیکی بە بازرگانی نایاسایی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە.

ناوبراو بۆ ڕۆژنامەنووسانی ناو فڕۆکە سەرۆکایەتییەکە ئاشكرایكرد: "ناتوانم پێتان بڵێم کە چۆن دەبێت، بەڵام تا ڕادەیەک بڕیارم داوە" سەبارەت بە ڤەنزوێلا.


چوار بەرپرسی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، ڕایانگەیاندووە کە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ناوخۆ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەنجام دراون و سێ کەسیان پشتڕاستیان کردەوە کە یەکێکیان دوێنێ هەینی بەڕێوەچووە.


ئەنجومەنەکە ڕاوێژکاری سەرۆک دەکات لە بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ناوخۆ و بەزۆری لەلایەن ستیڤن میلەر، ڕاوێژکاری ئاسایشی ناوخۆی ترەمپەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.


بەرپرسێک ڕایگەیاند کە گروپێکی بچووک ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوە، دواتر پێنجشەممە گروپێکی زۆر گەورەتر کە بریتی بوون لە جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس، میلەر، وەزیری بەرگری پیت هێگسێت، سەرۆکی سەرۆک ئەرکانی هاوبەش جەنەڕاڵ دان کین و کەسانی دیکە.



;