ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥،جارێکی دیکە بەشێکی گەڕەکەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کارەبا بە ناو ٢٤ کاتژمێرییەکەیان لەسەر کوژێنرایەوە و هەندێک لەو گەڕەکانە تا ئێستا کارەبایان نەهاتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان لە هەولێر گەرەکەکانی، ( ڕۆشنبیری ) و ( کارێزان ) ( ڕاستی ) و ( مامۆستایانی ٩٩ زانکۆ ) و ( ١٢١ گوڵان ) و ( بنەسڵاوە ) و ( کانی قڕژاڵە ) و ( زانیاری ) و ( زاگرۆس ) و ( توڕەق ) و ( نەورۆز ) و ( هەڤاڵان ) و(شێخ ئەحمەد) لە درەنگانی شەوی ڕابردوو و تا ئێستا کارەبایان نیە .
هاوكات بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانیش رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینەوە لەسەر تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا، شۆرتی کارەبا دروستبووە و بەهۆیەوە کارەبای چەند شوێن و گەڕەکێک بڕاوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، "ساڵانە لەگەڵ یەکەم بارانبارین ئەم کێشانە دووبارە دەبنەوە، کە تەکنیکین و زوو چارەسەر دەکرێن."
بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە، لە زۆرینەی ئەو گەڕەکانەی سلێمانی کە کارەبایان بڕاوە، موەلیدەکانیش ئامادە نین کار بکەن و ئێستا بێ کارەبان.
