Apora Logo

ترەمپ: تا پێنج ملیار دۆلار سکاڵا لەسەر بی بی سی تۆمار دەکەین

ترەمپ: تا پێنج ملیار دۆلار سکاڵا لەسەر بی بی سی تۆمار دەکەین

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، سکاڵا لەسەر کۆمپانیای پەخشی بەریتانیا (BBC) تۆمار دەکات و داوای قەرەبووی دەکاتەوە کە لە نێوان یەک ملیار بۆ پێنج ملیار دۆلاردایە، ئەمەش بەهۆی دەستکارییەکی چەواشەکارانەی یەکێک لە وتارەکانی.

15/11/2025

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ لەناو کەشتیی ئایر فۆرس یەکدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئێمە بە هەر بڕە پارەیەک لە نێوان یەک ملیار بۆ پێنج ملیار دۆلار سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین، ڕەنگە لە هەفتەی داهاتوودا، پێموایە پێویستە ئەوە بکەم. تەنانەت ئەوان دانیان بەوەدا ناوە کە فێڵیان کردووە."


پارێزەرانی ترەمپ ڕۆژی دووشەممە نامەیەکیان بۆ بی بی سی نارد و تۆمەتباریان کرد بە ناشرینکردنی سەرۆک بە پەخشکردنی ڤیدیۆیەکی دەستکاریکراوی وتارەکەی پێش ئاژاوەگێڕییەکانی ساڵی ٢٠٢١ لە پایتەختی ئەمریکا، و مۆڵەتی تا ڕۆژی هەینییان داوە بۆ ئەوەی داوای لێبوردن بکات و قەرەبوو بکاتەوە.


ترەمپ وتیشی، خەڵکی بەریتانیا زۆر توڕەن لەو شتەی کە ڕوویدا چونکە ئەوە نیشان دەدات کە بی بی سی هەواڵی ساختەیە.


ئاماژەی بەوەشکرد، بەنیازە ئەو پرسە لەگەڵ کیر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوروژێنێت، کە پاڵپشتی سەربەخۆیی بی بی سی کردووە و لە هەمان کاتدا خۆی لە لایەنگری ترەمپ بەدوور گرتووە.

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆتایی هەفتەدا تەلەفۆنی بۆ دەکەم، لە ڕاستیدا تەلەفۆنی بۆ کردم، زۆر شەرمەزارە.


ڕۆژی دووشەممە، بی بی سی داوای لێبوردنی کرد بەهۆی مۆنتاژێکی چەواشەکارانە لە فیلمێکی دیکۆمێنتارییدا کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا پەخشی کردبوو، کە پێشنیاری ئەوە دەکات کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕاستەوخۆ هاندەرانی هانداوە بۆ هێرشکردنە سەر کاپیتوڵ لە ساڵی ٢٠٢١دا.


هاوكات تیم دەیڤی بەڕێوەبەری گشتی بی بی سی و دیبۆرا تێرنی بەرپرسی هەواڵەکەی ئەمڕۆ دەستیان لەکارکێشایەوە.


ڕۆژنامەی بی بی سی ڕۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، سەمیر شا، سەرۆکی کۆمپانیای بی بی سی "نامەیەکی کەسی بۆ کۆشکی سپی ناردووە و بۆ سەرۆک ترامپ ڕوونیکردووەتەوە کە ئەو و کۆمپانیاکە داوای لێبوردن دەکەن بەهۆی کۆکردنەوەی وتارەکەی سەرۆکەوە".


ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتێکدا بی بی سی لە دڵەوە پەشیمانە لە شێوازی مۆنتاژکردنی ڤیدیۆکە، بەڵام بە توندی ناکۆکی لەسەر ئەوە هەیە کە بنەمایەک هەیە بۆ ئیدیعای ناوزڕاندن”.



;