Apora Logo

سوور و سەوز... پلانێکی ئەمریکا بۆ دابەشکردنی غەززە ئاشکرابو

سوور و سەوز... پلانێکی ئەمریکا بۆ دابەشکردنی غەززە ئاشکرابو

رۆژنامەیەكی بەریتانی ئاشكرایدەكات كە ئەمریكا دەیەوێت لە رێگەی پلانێكەوە غەززە دابەشبكات، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش داوا دەكەن پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەرتی غەززە.

15/11/2025


ڕۆژنامەی "زە گاردیەن"ی بەریتانی پلانێکی ئەمریکی ئاشکرا دەکات بۆ دابەشکردنی غەززە بەسەر "ناوچەی سوور" و "ناوچەی سەوز" کە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتی و ئیسرائیلییەکانەوە پاسەوانی دەکرێت. ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، لە سەرەتادا هێزە بیانییەکان شانبەشانی سەربازانی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی غەززە جێگیر دەکرێن.


ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ڕۆژی هەینی داوایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە "پەلە بکەن" لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەمریکا کە پشتگیری لە پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەکات بۆ کەرتی غەززە.


هەفتەی ڕابردوو ئەمریکییەکان بە فەرمی دانوستانەکانیان لەناو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەستپێکرد کە 15 ئەندامە لەسەر دەقێک کە بەدواداچوون بۆ ئاگربەست لە شەڕی دوو ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات، هەروەها پشتگیری لە پلانەکەی ترەمپ دەکات.


واشنتۆن و هاوبەشەکانی لە بەیاننامەکەدا ڕایانگەیاندووە، دووپاتی دەکەینەوە کە ئەمە هەوڵێکی دڵسۆزانەیە، و پلانەکە ڕێگایەکی کردەیی بەرەو ئاشتی و سەقامگیری دابین دەکات، نەک تەنها لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە.


بە پێی ڕەشنووسی بڕیارنامەکە، پێشوازی لە دروستکردنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" دەکات، کە دەستەیەکی حوکمڕانی ئینتقالییە بۆ غەززە کە لە ڕووی تیۆریەوە لەلایەن ترەمپەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و ئەرکەکەی تا کۆتایی ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت.


بڕیارنامەکە دەسەڵات دەدات بە وڵاتانی ئەندام کە "هێزێکی کاتی سەقامگیری نێودەوڵەتی" پێکبهێنن بۆ کارکردن لەگەڵ ئیسرائیل، میسر و پۆلیسی تازە مەشقپێکراوی فەلەستین بۆ یارمەتیدانی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان و داماڵینی چەک لە کەرتی غەززە.


ئەم بڕیارنامەیە بە پێچەوانەی ڕەشنووسەکانی پێشووەوە ئاماژەیە بۆ ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی لە داهاتوودا.


بەیاننامە هاوبەشەکەی رۆژی هەینی لە کاتێکدایە کە ڕووسیا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی ڕکابەری بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بڵاوکردەوە کە داوای دروستکردنی ئەنجومەنی ئاشتی یان جێگیرکردنی دەستبەجێی هێزێکی نێودەوڵەتی لە غەززە ناکات.


ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی ڕووسیا پێشوازی "لەو دەستپێشخەرییە دەکات کە بووە هۆی ئاگربەست" بەڵام ناوی ترەمپی نەهێناوە.


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای "دیاریکردنی بژاردەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکان"ی پلانی ئاشتی و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکی دەستبەجێ دەکات کە هاوکات باس لە ئەگەری جێگیرکردنی هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە غەززە دەکات.


ئەمریکا ئاگربەستی غەززەی بە "ناسک" وەسف کرد و ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداری دا لە مەترسییەکانی پەسەندنەکردنی ڕەشنووسەکەی.


مایک واڵتز باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا نووسیویەتی: هەر ڕەتکردنەوەیەک بۆ پشتگیریکردن لەم بڕیارنامەیە دەنگدانێکە بۆ بەردەوامبوون لە دەسەڵاتی تیرۆریستانی حەماس یان گەڕانەوە بۆ شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، کە ناوچەکە و گەلەکەی ئیدانە دەکات کە لە ململانێی هەمیشەیی بمێننەوە.


ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەر لادانێک لەم ڕێگایە، جا لەلایەن ئەو کەسانەوە بێت کە ئارەزووی یاری سیاسی دەکەن، بە تێچووی مرۆیی ڕاستەقینە دێت".


لە کاتێکدا تا ئێستا ئەندامانی ئەنجومەنەکە وا دەرکەوتووە کە پشتگیری لە بنەماکانی پلانی ئاشتی دەکەن، بەڵام سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە چەندین پرسیار لەبارەی دەقی ئەمریکییەوە هەبووە، بەتایبەتی سەبارەت بە نەبوونی میکانیزمێکی چاودێری کە لەلایەن ئەنجومەنەکەوە جێبەجێ دەکرێت، ڕۆڵی دەسەڵاتی فەلەستین و وردەکارییەکانی ئەرکی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل.


لای خۆیەوە، نوێنەرایەتی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، پێشنیاری بەدیلەکەی لە ڕووی داننان بە بنەمای "چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئیسرائیل و فەلەستین" جیاوازە.


;