Apora Logo

سوریا: شوێنی هەڵدانی ئەو موشەکانەمان ئاشکراکردووە کە دیمەشقی کردە ئامانج

سوریا: شوێنی هەڵدانی ئەو موشەکانەمان ئاشکراکردووە کە دیمەشقی کردە ئامانج

وەزارەتی بەرگری سوریا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە شوێنی هەڵدانی مووشەکەکانی لە گەڕەکی مەززە لە دیمەشق دەستنیشان کردووە.

15/11/2025

بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، ئەو ئامێرە سەربازییە سەرەتاییەیان دۆزیوەتەوە کە لە کاتی هەڵدانی ئەو مووشەکانەدا بەکارهێنراون کە ماڵێکیان لە گەڕەکی “ئەلمەززە ٨٦” کردە ئامانج.


ڕوونیشیکردۆتەوە، تیمێکی سەربازی تایبەتمەند توانیویانە شوێنی هەڵدانی مووشەکەکان بدۆزنەوە بە لێکۆڵینەوە لە گۆشەی لێدان و کۆکردنەوەی مووشەکەکان.


سەرچاوەیەکی سەربازی سوریا ئێوارەی هەینی ڕایگەیاند، هێرشەکە کە ناوچەکانی دیمەشقی پایتەختی کردۆتە ئامانج، بە بەکارهێنانی ئەو موشەکانە ئەنجامدراون کە لە پلاتفۆرمێکی مۆبایلەوە هەڵدراون.


دووپاتیشیکردەوە کە "تا ئێستا لایەنەکانی پشت هێرشەکە نادیارە، هاوکات وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە هەوڵە گەورەکان بۆ بەدواداچوون بۆ وردەکارییەکانی هێرشەکە و دیاریکردنی سەرچاوەکەی و ئەوانەی بەرپرسیارن لێی".


سەرچاوە خۆجێیەکان و شایەتحاڵەکان پێشتر ئێوارەی دوێنێ ڕایانگەیاندبوو کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی "بنەچەی نادیار" لە ناوچەی ئەلمەززە لە ناوەندی دیمەشقی پایتەختی سوریا، ژنێک کوژراوە و کەسانی دیکەش برینداربوون.


بەپێی زانیارییەکان، مووشەکەکە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی سێ نهۆمی لە ناوچەی ئەلمەززە ٨٦ کردۆتە ئامانج و زیانی بە بەشێک لە باڵەخانەکە گەیاندووە، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ تەقینەوەیەکی دیکە کە لە ناوچەی مێززە ڤێلاس لە ڕۆژئاوای تەڵات ئەسەدی ڕوویداوە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا ڕوون بێتەوە کە ئایا سروشتی تەقینەوەکە یان پەیوەندی بە ڕووداوی یەکەمەوە هەیە یان نا.

;