شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە ئەمشەوەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و 17 ی مانگیش لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکان بەفر دەبارێت.
سالار حاجی عەلی شارەزای کەشناسی راگەیاند، لە ئەمشەوەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپی ناوەڕاست و لەگەڵ هاتنی شێیەکی زۆر لە زەریای ئەتڵەسی بەسەر کەمەرەی ئەفریقا و لەگەڵ لە دەریای سوور کاریگەریی دەکەنە سەر ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەو هۆیەوە لە سبەینێوە باران لە ناوچەکانی هەرێمی کورستان، بەشێوەی زستانە باران دەبارێت، لە هەندێک ناوچەش بەشێوی تاوە باران و هەورە بروسکە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پلەی گەرمی دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و خێرایی با زیاددەکات.
ئاشکراشیکرد، لە رۆژی 17 ی مانگ لە هەندێک چیا کە بەرزییان 2500 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە بەفر دەبارێت.
