Apora Logo

سوودانی: ئێمە دەرگامان كراوەیە بۆ سەرجەم لایەنەكان

سوودانی: ئێمە دەرگامان كراوەیە بۆ سەرجەم لایەنەكان

لە قۆناغى داهاتوو ئامانجمان پێکهێنانی حکومەتێکی نوێیە، کە توانای جێبەجێكردنی بەڵێن و بەرنامەکانی هەبێت

13/11/2025

سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەرى عێراق ڕایگەیاند، هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان سەرکەوتنى بەدەستهێنا و کراوەن بە ڕووی سەرجەم لایەنەكاندا بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لە قۆناغى داهاتوو ئامانجمان پێکهێنانی حکومەتێکی نوێیە، کە توانای جێبەجێكردنی بەڵێن و بەرنامەکانی هەبێت.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەرى عێراق سەبارەت بە سەرکەوتیان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و قۆناغى داهاتوو بۆ پێکهێنانى حکومەت، وتارێکی پێشکەش کرد.

سوودانی وتى: داوا دەکەن ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران بگیرێت و کار بۆ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو عێراقییەکان بکرێت، ئێمە دەرگامان كراوەیە بۆ سەرجەم لایەنەكان.

باسی لەوەشكردووە: كاردەكەین بۆ بەدیهێنانی ویستی هەموو خەڵكی عێراق، بەوانەشەوە كە بایكۆتیان كردووە، چوونكە عێراق موڵکی هەمووانە، ئێستا کێبڕکێی هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە، داوا لە هەموو لایەک دەکەم بەرژەوەندی نیشتمانی بخەنە سەرووی هەموو شتێکەوە بۆئەوەی خزمەت بە عێراقییەکان بکەن.

سوودانی جەختی لەوە كردەوە، قۆناغی داهاتوو ئامانجیان پێکهێنانی حکومەتێکی نوێیە، کە توانای جێبەجێكردنی بەڵێن و بەرنامەکانی هەبێت.

شەوی ڕابردوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، هاوپەیمانی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەركەوتنی بەرچاوی بەسەر ڕکابەرەکانیدا لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا بەدەستهێناوە.


;