Apora Logo

بودجەی کاتیی حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا پەسند کرا و پەککەوتنی حکوومەت کۆتایی هات

بودجەی کاتیی حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا پەسند کرا و پەککەوتنی حکوومەت کۆتایی هات

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە 222 دەنگی بەڵێ لە بەرانبەر 209 دەنگی نەخێر، پڕۆژەیاسای دابینکردنی بودجەی فیدراڵیی پەسند کرد

13/11/2025

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای بودجەی حکوومەتی فیدراڵی پەسند کرد و بە واژۆ کرانی یاساکە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، درێژماوەترین پەککەوتنی حکوومەتی ئەم وڵاتە کۆتایی هات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە 222 دەنگی بەڵێ لە بەرانبەر 209 دەنگی نەخێر، پڕۆژەیاسای دابینکردنی بودجەی فیدراڵیی پەسند کرد. دوابەدوای پەسند کرانی پڕۆژە یاساکەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا یاساکەی واژۆ کرد و بەم شێوەیە درێژماوەترین پەککەوتنی حکوومەتی ئەمریکا کە 43 ڕۆژی خایاند کۆتایی هات و حکوومەت دەتوانێ دامودەزگا گشتییەکان بکاتەوە.

بە پێی ئەم یاسایە بودجەی حکوومەت تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەم دابین دەکرێت و لەو ماوەیەدا کۆنگرێس دەبێت لەسەر بودجەی گشتیی ساڵی 2026 بڕیار بدات.بە پەسندکرانی ئەم یاسایە، هاوکاریی خۆراک بۆ گرووپە کام داهاتەکان کە زیاتر لە 42 ملیۆن هاووڵاتی لەخۆ دەگرێت دەست پێ دەکاتەوە و ئەو فەرمانبەرانە ناچار بە وەرگرتنی مۆڵەتی بێمووچە کرابوون دەگەڕێنەوە سەر کارەکەیان و مووچە دواکەوتووەکانیشیان وەردەگرن.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆنترۆڵی کۆماریخوازەکاندایە و پڕۆژەیاساکە بە پشتیوانیی دۆناڵد ترەمپ پەسند کرا. ئەگەرچی حکوومەت بڕیاری دا بە خێرایی دامودەزگا گشتییە فیدراڵییەکان دەست بە کار بکەن بەڵام پێشبینی دەکرێت گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی چەند ڕۆژێک بخایەنێت.

;