شارەزایەکی کەشناسی وادەی هاتنی شەپۆلی بارانبارینی بۆ عێراق و هەرێم ئاشکراکرد و دەڵێت”نزیکەی 10 پلە پلەی گەرما دادەبەزێت”.
ئاراس جبار، پسپۆڕی کەشوهەوا ڕایگەیاند، کە شەپۆلێکی بارانبارین بە چەند قۆناغێکەوە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و سبەی پێنجشەممە 13/11/2025 ئاسمانی هەرێم دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەوری مامناوەند بۆ بەرزی دەریایی کە ئەم هەورانە بێباران و بەرزن و پێش گەیشتنی باران دەگەن.
بەپێی پێشبینی ئاراس جەبار، هەینی 14/11/2025 لە ئێوارە و شەودا کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور دەگاتە ناوچەکە، کە بە شێوەی ناجێگیری کەش دەبێت لە شوێن و کاتی جیاوازدا هەورە بروسکە چالاک دەبێت و نمە باران دەبارێت، هەندێک شوێنی دیکەش تاوە بارانی باشتر دەبینن بای باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتیش چالاک دەبێت بە خێرایی 15-35 کم لە کاتژمێرێکدا.
ئاراس جەبار دەشڵێت، شەممە 15/11/2025 کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکە چالاکتر دەبێت و ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو پلەکانی گەرما بە نزیکەی 6 تا 10 پلە نزمدەبنەوە لە زۆربەی ناوچەکان هەورە بروسکە چالاک دەبێت و بارانی مامناوەند بۆ بەخوڕ بۆ ماوەیەکی کەم دەبارێت خێرایی با لە نێوان 15 تا 45 کم لە کاتژمێرێکدا دەبێت.
شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە تا بەیانی دووشەممە 16-17/11/2025 کاریگەری شەپۆلی دەریای ناوەڕاست دەستپێدەکات سەرەتا لە ڕۆژئاوای هەرێم و پاشان سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە ئەگەری بارانبارینێکی زۆر باش دەبێت بە تایبەت لە سنووری پارێزگای دهۆک و دەڤەری بادینان کە لە زۆرێکی ئەو ناوچانە پەڵەش دەدات
لە پارێزگای هەولێر سلێمانی هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین بارانی مامناوەندی باش و پچڕپچڕ دەبارێت بەهۆی نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان لە بەرزی 2000 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەبارێت
لە سنووری پارێزگای کەرکووک و گەرمیان ڕێژەی باران کەمتر دەبێت و بە زۆری نمە باران دەبێت
کاریگەری ئەم شەپۆلە لە ڕۆژی دووشەممە 17/11/2025 کۆتایی پێدێت.
ڕێژەی پێشبینیکراوی بارانبارین بە ملم
- دهۆک زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکان 30 – 80 ملم
- سەنتەری هەولێر و دەشتاییەکان 5 – 15 ملم
- ڕاپەڕین سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر 20 – 50 ملم
- سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکان 15 – 40 ملم
- هەڵەبجە و ناوچە شاخاوییەکان 5 – 25 ملم
- کەرکووک 15 – 35 ملم
- گەرمیان 2 – 15 ملم
