ئەمڕۆ چوارشەممە (12ی تشرینی دووەمی 2025)، عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، "بەپێی یاسای هەڵبژاردن، ئەنجامەکان لە ماوەی (24) کاتژمێردا دوای ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت، هەروەها دەتوانرێت ئەنجامەکان لەنێوان کاتژمێر 4ی ئێوارە تا 6ی ئێوارە ڕابگەیەندرێت، بۆیە تا ئێستا هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو ئەنجامانەی ئەمڕۆ ڕادەگەیەنرێن، سەرەتایی دەبن، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر نزیک دەبنەوە لە ئەنجامە کۆتاییەکان".
دوێنێ سێشەممە (11ی تشرینی دووەمی 2025) کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی کۆتایی ڕێژە و ژمارەی بەشداربوونی هاوڵاتیانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ڕاگەیاند. ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆی 20,063,773 دەنگدەری تۆمارکراو، ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی گشتی گەیشتووەتە 10,898,327 دەنگدەر، بەمەش ڕێژەی بەشداریکردن زیاترە لە 54%.
سەبارەت بە دەنگدانی تایبەت کە لە 9ی ئەم مانگەدا ئەنجامدرا، کۆمسیۆن ڕوونیکردەوە کە ژمارەی دەنگدەرانی هێزە چەکدارەکان و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان لە کۆی 1,313,980 دەنگدەر گەیشتووەتە 1,084,289 دەنگدەر، بەمەش ڕێژەی بەشداریکردن لە سەرجەم وێستگە تایبەتەکانی دەنگدان 82.5% بووە.
سەبارەت بە دەنگی ئاوارەکان، کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە 20 هەزار و 527 دەنگدەر لە کۆی 26 هەزار و 538 دەنگدەر، بە ڕێژەی بەشداریکردن لە سەرجەم بنکەکانی دەنگدان بۆ ئاوارەکان 77%.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کۆی گشتیی دەنگدەرانی دوو ڕۆژی دەنگدانی گشتی و تایبەت گەیشتووەتە نزیکەی 12,003,143 دەنگدەر لە کۆی 21,404,291 دەنگدەر، بە گشتی ڕێژەی بەشداریکردن لە 55% تێپەڕاندووە.
