وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازی لە جۆرجیا کەوتۆتە خوارەوە و بەهۆیەوە 20 سەرباز گیانیانلەدەستدا.
لە گرتە ڤیدیۆییەکان کە لەلایەن میدیاکانی تورکیاوە نیشان دراون، دەرکەوتووە کە فڕۆکەکە لە هەوادا دەخولێتەوە و شوێنەواری دوکەڵی سپی لە پشتیەوە بەجێدەهێڵێت.
پێشتر وەزارەتی بەرگری تورکیا لەسەر پلاتفۆرمی “X” ڕایگەیاندبوو کە فڕۆکەی C-130 لە ئازەربایجانەوە هەڵفڕیوە و لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ تورکیا بووە کاتێک کەوتووەتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "20 کارمەندی سەربازی لەناو فڕۆکەکەدا بوون و سەرجەمیان گیانیانلەدەستداوە".
لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی جۆرجیا ڕایگەیاند، فڕۆکەکە لە شارەوانی سیگناغی لە جۆرجیا لە نزیک سنووری ئازەربایجان کەوتووەتە خوارەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەکرێت.
ئاژانسی هەواڵی تورکیا ئەنادۆڵ لە زاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانی جۆرجیاوە بڵاویکردەوە، دوای چەند خولەکێک لە هاتنی فڕۆکەکە بۆ ناو ئاسمانی جۆرجیا، پەیوەندی لەگەڵ فڕۆکەکەدا لەدەستچووە، هەروەها فڕۆکەکە پەیوەندییەکی ناڕەحەتی دەرنەکردووە.
ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکەی تورکیا لە 8ی ئەم مانگە بەشدارییان لە ئاهەنگی ڕۆژی سەرکەوتن کرد لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، بۆ یادکردنەوەی "سەرکەوتنی سەربازیی ئەو وڵاتە لە شەڕی قەرەباخدا کرد لە ساڵی 2020دا.
