- ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە:-
- سوپاس بۆ خودای مەزن، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرنی عێراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی دەکەم و سوپاسییان دەکەم کە بەشداریان لەم پرۆسەیەدا کرد و ماف و ئەرکی نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ کرد و نوێنەرەکانیان هەڵبژارد، هەروەها سوپاسی کۆمسیۆنیی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هێزە ئەمنییەکان لە ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە دەکەم بۆ سەرخستنی پرۆسەی دەنگدان و ڕۆڵی بەرپرسیارانەیان لە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن. دەستخۆشی لە هەموو بریکار و چاودێرانی بیانی و ناوخۆیی دەکەم بۆ هاوکاری و چاودێریکردنی پرۆسەکە.
- هیوادارم بە ئەمانەتەوە، ڕێز لە دەنگی دەنگدەران بگیرێت. هەروەها ئەو نوێنەرانەی متمانەی دەنگدەران بەدەست دەهێنن ، نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشت هاوڵاتییانی عێراق بکەن .
- ئومێدەوارم سەردەمێکی نوێ لە عێراقی فیدراڵ و دیموکرات بۆ بەدیهێنانی هەموو مافە ڕەواکانی گەلەکەمان دەست پێ بکات و ئەنجامی هەڵبژاردن ببێتە هۆی باشتربوونی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق و بەهێزتربوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان .
- مەسرور بارزانی
- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
- 2025/11/11
