ئەمڕۆ سێشەممە مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشبینی کرد کە ڕێژەی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنی شەشەمی پەرلەمانی عێراق زیاتر بێت لە چاو هەڵبژاردنەکانی پێشوو.
ئەلمەشهەدانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوای دەنگدانەکەی بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، توانیمان تەحەدای سەرەتایی بەڕێوەببەین کە هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا لە کەشێکی ئەمن و دیموکراسیدا ئەنجام بدرێت ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ پێشێلکارییەکمان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا تۆمار نەکردووە".
لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت، دەتوانین سەیری ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و ئاماری بەشداریی دەنگدەران بکەین و پێمانوایە ڕێژەی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنانەدا زیاتر دەبێت لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشووتر.
ئەلمەشهەدانی هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "هۆشیاری گشتی لە عێراق ئەمجارە جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵبژاردنی نوێنەرانی لێهاتوو و پێکهێنانی حکومەتێکی لێهاتوو بۆ ئەوەی بتوانین چێژ لە ئاسایش و سەقامگیری وەربگرین".
سەرۆکی پەرلەمان لە کۆتاییدا وتی "ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی حکومەتەکانی پێشوو بوونەتەوە ئێستا نەماون"، ئاماژەی بەوەشکرد "ناکۆکی و کێبڕکێیەکی بچووک لە نێوان بلۆکەکاندا هەیە و ئەمەش تەحەدای داهاتووە دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان".
