هاوپەیمانی چاودێرانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق ڕۆژی دووشەممە (10ی تشرینی دووەمی 2025) تۆمارکردنی سێ هەزار و 273 پێشێلکاری هەڵبژاردنیان لە میانی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت کە دوێنێ یەکشەممە ڕوویدا، پشتڕاستکردەوە.
ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو پێشێلکارییانە لە نێوان دەستێوەردانی ئەمنی و سیاسی و کێشە ڕێکخراوەیی و تەکنیکییەکان و هەروەها پێشێلکردنی مافی دەنگدەران جیاوازن.
هاوپەیمانییەکە لە یەکەم ڕاپۆرتی خۆیدا، کە بە میدیا عێراقیەکان گەیشتووە، ڕوونیکردەوە، کە چاودێریکردنەکە هەر هەژدە پارێزگارەکەی گرتەوە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی زیاتر لە هەشت هەزار و 300 فۆڕمی چاودێری ئەلیکترۆنی، کە قۆناغەکانی کردنەوەی، دەنگدان، داخستنی، ژماردنەوە و ڕیزکردنی گرتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هاوپەیمانییەکە حەوت قەوارەی مەدەنی سەربەخۆ و تۆڕی تایبەت بە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لەخۆدەگرێت، بەشێوەیەکی هەماهەنگ کاردەکەن بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری پارێزگاکانی عێراق.
