ئەمڕۆ چوارشەممە پوتن رایگەیاند، فەرمانیداوە بە بەرپرسانی وڵاتەکەی پێشنیازەکان بۆ ئەگەری تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی پێشکەش بکەن و ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەگەر وڵاتانی دیکە تاقیکردنەوەی لەو شێوەیە ئەنجام دەدەن، پێویستە روسیاش ئامادەبێت بۆ وەڵامدانمەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، لە پلاتفۆڕمی تروث سۆشیاڵ، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات پێشتر رایگەیاندبوو، ئەمریکا تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی دەستپێدەکاتەوە، روونیکردەوە کە ئامانج لێی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانە "بە یەکسانی" لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ئەمەش ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ روسیا.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، ئەم هەنگاوەی ترەمپ لەسەر بنەمای دەنگۆیەکی ناو ئیدارەی ترەمپە کە باس لەوەدەکات تاقیکردنەوەی ئەتۆمی پێویستە، بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییە ئەتۆمییەکانی روسیا و چین و کۆریای باکوور کە لە ماوەکانی رابردودا، ئەو وڵاتانە سیستەمی ئەتۆمییان بەرەوپێش بردووە.
تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆک جۆرج بوش وەستان و هەروەها بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی گشتگیری تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان (CTBT) لە ساڵی ١٩٩٦دا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قەدەغەکرا، کە واشنتۆن پەسەندی نەکردووە، لەکاتێکدا مۆسکۆ لە ساڵی ٢٠٢٣ واژۆی خۆی کشاندەوە.
