Apora Logo

پێویستە دەوڵەتی تورکیا بەڵێن و لێدوانەکانی بۆ ئاشتی بکات بەکردار

پێویستە دەوڵەتی تورکیا بەڵێن و لێدوانەکانی بۆ ئاشتی بکات بەکردار

دەبێت کۆمیسیۆنەکە دەست بۆ هەموارکردنەوەی هەندێک یاسا ببات بەتایبەتیش یاسای تیرۆر

5/11/2025

 

 

پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە لەدوای ئەوەی دوێنێ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) ڕایگەیاند؛ دەبێت پەرلەمانتاران بچنە ئیمرالی و ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان کۆببنەوە، ئەم هەنگاوەی باخچەلی دەبێتە سەرەتایەک بۆ زیاتر بەرەوپێشچونی پڕۆسەکە

لەمبارەیەوە هیوا سەید سەلیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ ئاپۆڕانیوز سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ڕایگەیاند؛ ڕەخنە و تێبینی زۆر هەبوو لەسەر ئەوەی بە بارتەقای ئەوهەنگاوانەی پەکەکە نای لە ڕاگرتنی خەباتی چەکداری یان هەڵوەشاندنەوەی خۆیان وەکو ڕێکخستنی پەکەکە دەوڵەت هەنگاوێکی ئەرێنی نەنابوو، ئەو هەنگاوانەی دەوڵەتی تورکیاش هەتا ئێستا ناویەتی لە دروستکردنی کۆمسیۆنی چارەسەری و دیداری ئەو کۆمسیۆنە زیاتر لێدوان و قسەکردنن بەڵام ئەوقسانەی دەوڵەتی تورکیا باشن بەتایبەت لەدوێنێوە کە دەوڵەت باخچەلی لێدوانی داوە و پێشتر سەرۆکی پەرلەمان لەئامەد قسەی باشی کرد و بەشعری کوردی دەستی بە وتارەکەی کرد، هەروەها سەرۆک کۆمار لە ۳۰ـی مانگ دیداری لەگەڵ شاندی ئیمرالی ئەنجامدا، بەڵام گلەییەکە لەوەدایە کە ئەو بەڵێن و قسانە بکرێن بە کردار، بەتایبەت لەوەی کە کۆمیسیۆنەکە دەست بۆ هەموارکردنەوەی هەندێک یاسا ببات کە هەتا ئێستا نەیبردوە، بەتایبەتیش یاسای تیرۆر

هاوکات هیوا سەید سەلیم ڕاشیگەیاند، دوێنێ بابەتێک لەناو میدیاکاندا وروژا کە دوابڕیاری مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا بوو سەبارەت بە ئازادکردنی ئۆجەلان کە هەتا ئێستاش تورکیا تانە لەوبڕیارە دەدات و نایەوێت بچێتە ژێرباری ئەوە، زانیاریەکانی ئێمە پێمان وایە لەچەند ڕۆژی داهاتودا تورکیا ناچار دەکرێت بە ئازادکردنی دەمیرتاش چونکە فشارەکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئەم بابەتە زۆرن، هاوکات دەبوو لەچوارچێوەی ئەو هەنگاوە هەموو زیندانیە سیاسیەکان و بەتایبەت زیندانیە نەخۆشەکان ئازادبکرێن و ڕۆڵی زیاتر بە بەڕێز ئۆجەلان بدرێت لەوەی کە کۆمسیۆنەکە ببینێت

ناوبراو لەکۆتاییدا باسی لەوەشکردوە کە، دوێنێ دەوڵەت باخچەلی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دیداری کۆمسیۆن و ئۆجەلان لە ئیمرالی خستەڕو و هەڵوێستەکەی باشبوو بەڵام هەموو ئەم هەڵوێستانە پێویستیان بە هەنگاوی کرداریە بەبێ هەنگاوی کرداری هەتا ئێستاش پڕۆسەکە یەک لانەیە دەڕوات ئەویش بەوەی کە پەکەکە هەموو ئیلتیزاماتەکانی سەرخۆی جێبەجێ کرد و ئەوە ماوەتەوە کە بزانین دەوڵەت چ هەنگاوێک دەنێت بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی ئەو پرسە.


;