بە پێی ئەو بڕیارنامەیە، ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی لە پلانەکەدا بەشدار دەبن، دەسەڵاتێکی بەربڵاویان بۆ بەڕێوەبردنی غەززە و دابینکردنی ئاسایشی ئەم ناوچەیە تا ساڵی 2027 دەبێت و دەتوانن ماوەی مانەوەشیان درێژ بکەنەوە.
ڕەشنووسەکە داوای پێکهێنانی هێزێکی کاتیی نێودەوڵەتیی دەکات کە لە ماوەی دوو ساڵدا دەبێ دۆخی غەززە سەقامگیر بکات و ئاسایشی ئەم ناوچەیە دابین بکات. پێشنیاریش کراوە ئەم هێزە بە لانی زۆر تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2026 لە غەززە جێگیر بن.
ڕەشنووسەکە جەخت دەکاتەوە ئەم هێزانە دەبێ لە ژێر فەرمانی فەرماندەیییەکدا بن کە بە ڕاوێژ و هاوکاریی نزیک لەگەڵ ئیسرائیل و میسر چالاکی دەکات و بە هاوکاریی هێزێکی پۆلیسی فەلەستینی کە ڕاهێنراوە، ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان و ناو کەرتی غەززە دابین دەکات.
ئەم هێزە هەروەها ئەرکی چەککردنی حەماسی لە ئەستۆ دەبێت. لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە ئەم هێزە نێودەوڵەتییە "بە گەرەنتیکردنی ڕەوتی لەچەکداماڵینی غەززە و لەوانەش لەناوبردی ژێرخانە سەربازی و تیرۆریستییەکان و ڕێگری لە بنیاتنانەوەیان و لەناوبردنی چەکەکانی گرووپە چەکدارە ناحکوومییەکان، دۆخی ئەمنیی غەززە سەقامگیر دەکات".
بە پێی ئەم پلانە، پاراستنی خەڵکی سڤیل، پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی مرۆڤدۆستانە، ڕاهێنانی پۆلیسی فەلەستین و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بۆ دابینکردنی ئاسایشی کۆریدۆری مرۆڤدۆستانە، بەشێکی دیکە لە ئەرکەکانی ئەم هێزە دەبێت.
ڕەشنووسەکە داواش دەکات دەسەڵاتێکی بەربڵاو بدرێتە دەستەی ئاشتی بۆ ئەوەی "حکوومەتێکی ڕاگوزەری دانپێدانراو لە ئاستی نێودەوڵەتی" دامەزرێنێت و ئەم حکوومەتە "چوارچێوەکانی دیاریکردنی بودجەی پێویست بۆ پەرەپێدان و بنیاتنانەمەوەی غەززە" دابڕێژێت".
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرای کرد حکوومەتی ئەمریکا بەنیازە لە ڕۆژانی داهاتوودا بە فەرمی بڕیارنامەکە بدات بە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئەوەی لە حەفتەی داهاتوودا دەنگی لەسەر بدرێت.
