بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسە عێراقیەکان بڵاویانکردۆتەوە هاتووە، "میکانیزمەکە بریتییە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی باشترکردنی کوالیتی ئاو و کەمکردنەوەی پیسبوونی ڕووبارەکان، جگە لە پەرەپێدانی شێوازەکانی ئاودێری و گرتنەبەری تەکنەلۆژیای سەردەمیانە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاودا. هەروەها پڕۆژەی وەرگرتنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیش لەخۆدەگرێت، هەروەها بەرنامەیەک بۆ بەڕێوەبردنی ئاو لە عێراق و عەقڵانیکردنی بەکارهێنانی لەخۆدەگرێت".
ئاماژە بەوەشکراوە کە "دیاریکردنی پڕۆژە ئاوییە پێویستەکان و ئەولەویەتەکانیان لەسەر بنەمای داواکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق دەبێت، کە ئەو پڕۆژانە ڕادەگەیەنن کە پێشنیارکراون بۆ جێبەجێکردن، بۆ ئەوەی کۆمپانیا تورکییەکان بتوانن کێبڕکێیان بۆ بکەن بەپێی پەیڕەوی کارپێکراو".
پارەدارکردنی ئەو پڕۆژانە بەپێی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق ئەنجام دەدرێت، لەڕێگەی حیسابێکی تایبەتەوە کە لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاوەوە دامەزراون، کە بڕەکەی بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران دیاری دەکرێت. ئەم فرۆشتنە نەوتیانە بە کۆمپانیا تورکییەکان لە ڕێگەی کۆمپانیای دەوڵەتی عێراقی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) ئەنجام دەدرێت.
دوێنێ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی مەراسیمی واژۆکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی هاوکاری لەگەڵ تورکیا لە بواری ئاودا کرد، لە نێوان فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و هاوتا تورکەکەی، هاکان فیدان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سودان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەو ڕێککەوتنە یەکێک دەبێت لە چارەسەرە بەردەوامەکانی قەیرانی ئاو لە عێراق، لە ڕێگەی پاکێجێک لە پڕۆژەی گەورەی هاوبەش کە لە کەرتی ئاودا جێبەجێ دەکرێن، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەڕێوەبردنی قەیرانی کەمی ئاو".
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا هەنگاوەکانی حکومەتی ئێستای لە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەرز نرخاند، کە لە ئەنجامدا چەندین ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن لە کەرت و بوارە جیاجیاکان واژۆ کرا.
