Apora Logo

بەشەخۆراکی مانگانە کەمدەکرێتەوە

بەشەخۆراکی مانگانە کەمدەکرێتەوە

بەبڕیارێک بڕی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان لە عێراق بۆ ئەمساڵ کەمدەکرێتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی خۆراک لە هەرێمی کوردستان نیگەرانی دەردەبڕن و باس لە کێشەی کەمیی کۆگای هەڵگرتن دەکەن.

3/11/2025

لوما هاشم مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراکی عێراق، بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە، بە گوێرەی بەرنامەی حکومەتی عێراق، تەنیا هەشت بەشەخۆراک لەم ساڵدا دابەش دەکرێت، و ئێستا لە قۆناغی دابەشکردنی بەشی حەوتەم دان و بڕیارە لە داهاتوودا بەشی هەشتەمیش دابەش بکرێت.


ئاماژەی بەوەشدا، لە ئیستادا لە کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا، بەشی سێ مانگ بەشەخۆراک هەڵگیراوە.


لەلایەکی دیکەوە، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، ڕایگەیاند کە هیچ نووسراوێکی فەرمییان لەبارەی بڕیاری دابەشکردنی تەنیا هەشت بەشەوە پێنەگەیشتووە.


هەجەر تاهیر عەلی، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی دهۆک، ئاماژەی بە پێشکەوتنی دابەشکردن کرد و هاوکات باسی لە گەورەترین ئاستەنگی بەردەمیان کرد، و دەڵێت، تا ئێستا شەش بەشەخۆراک بە تەواوی دابەش کراوە و 60%ـی بەشی حەوتەمیش کۆتایی هاتووە.

کۆگاکانی دهۆک تەنیا 12 دانەن، لە کاتێکدا ئەو خۆراکەی مانگانە (نزیکەی 20 بۆ 25 هەزار تۆن) دەگاتە پارێزگاکە، لە توانای هەڵگرتنی کۆگاکان زیاترە، سەرەڕای داواکاریی چەندبارە لە بەغدا بۆ دروستکردنی کۆگای نوێ.


پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم ساڵ هەشت بەشەخۆراک دابەش بکرێت، وەک لەلایەن بەغداوە بڕیاری لێ دراوە.


شایەنی باسە، بەهۆی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵدا، سەدان هەزار هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکیان بڕدراوە.

;