لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "60 خولەک"ی کەناڵی سی بی ئێس، ترەمپ کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئەمریکا بەنیازە شەڕ دژی ڤەنزوێلا بکات، وەڵامی دایەوە "گومانم هەیە، پێموانییە وابێت". بەڵام کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ڕۆژەکانی مادۆرۆ وەک سەرۆک کۆمار ژمارەیان بۆ دانراوە، ترەمپ وەڵامی دایەوە و وتی: "دەتوانم بڵێم بەڵێ. پێموایە وا، بەڵێ".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ خەڵکێکی زۆر لە ئاستی جیاوازدا کاردەکەین، پێمانوایە ئەمە زۆر بە خێرایی کۆتایی دێت بەڵام دەبێت یارمەتیان بدەین.
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی، گەلی ڤەنزوێلا ئازار دەچێژێت، ئەوە ئازارێکی گەورەیە، شتێکە کە ناتوانرێت و نابێت لەو وڵاتەدا ڕووبدات.
کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا ئایا ئامادەی هێزی سەربازی لە ڤەنزوێلا بەکاربهێنیت؟ لە وەڵامدا وتی: "نامەوێت ئەوە بڵێم. بەڵام هەموو بژاردەکان لەسەر مێزەکەن. ئێمە چەندین بژاردەی جیاوازمان هەیە. بەڵام ئەنجامەکان زۆر خێرا و زۆر سەرکەوتوو دەبن".
مادۆرۆ پێشتر وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپی دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە "ڤەنزوێلا بێتاوانە" و "هەموو شتێک کە دژی وڵاتەکەی دەکرێت تەنها خزمەت بە پاساوهێنانەوە دەکات بۆ شەڕ و گۆڕینی ڕژێم و دزینی سامانە نەوتییە زەبەلاحەکەمان".
