لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "60 خولەک"ی کەناڵی سی بی ئێس، دۆناڵد ترەمپ کاتێک پرسیاری لەبارەی فەرمانە لەناکاوەکەی پێنجشەممە بۆ پنتاگۆن کرد بۆ دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان، وتی "ڕووسیا تاقیکردنەوە ئەنجامدەدات، چین تاقیکردنەوە ئەنجامدەدات، بەڵام ئەوان باسی ناکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، مەرج نییە کەس بزانێت لە کوێ تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن ئەوان لەژێر زەمینی ئەو شوێنانەدا ئەنجامی دەدەن کە خەڵک نازانێت چی بەسەر ئەو تاقیکردنەوانەدا دەگوزەرێت.
پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەو بەرنامە تاقیکاریانەی کە لە لایەن وڵاتانی دیکەوە ئەنجام دەدرێن، وەزارەتی بەرگریم ڕاسپاردووە کە بە شێوەیەکی یەکسان دەست بە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمیمان بکاتەوە".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕکابەرە سەرەکییەکانی واشنتۆن بەتایبەتی چین و ڕووسیا، بە ڕواڵەت هەموویان تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان ئەنجامدەدەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر تاقیکردنەوە ئەنجامدەدەن، پێموایە ئێمەش تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان ئەنجامدەدەین.
لە لایەکی دیکەوە پەکین داوای لە ئەمریکا کرد بەجدی پابەند بێت بە بەڵێنەکانی بەپێی پەیماننامەی تۆکمەی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان، لەکاتێکدا مۆسکۆ پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە دوایین تاقیکردنەوەی موشەکی کروزی بەهێزی ئەتۆمی، تاقیکردنەوەی ئەتۆمی پێکناهێنێت.
