بە بۆنەی ڕۆژی نێودەوڵەتی کۆتاییهێنان بە بێسزا بوونی تاوانەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە باخچەی خوێندن لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕدوەچوو.
لە کۆنگرەکەدا بنیات جزیری ئەندامی کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی ڕاستی بۆ تاوانەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند کە ڕۆژنامەنووسان زۆرجار بوونەتە ئامانجی لایەنە شەڕکەرەکان بۆ شاردنەوەی ڕاستی و پێشێلکارییەکان و ئەمەش لە کاتی بەدواداچوونی ڕووداوەکاندا ڕوویانداوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە مەترسییەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان لە سووریا زیاد دەکەن بەهۆی کارکردنیان لە ژینگەیەکی زۆر ئاڵۆزدا کە پڕە لە ململانێی چەکداری، پێشێلکاریی بەردەوام و هەڕەشە لە چەندین لایەنەوە.
بەپێی بەیاننامەی ڕێکخراوەکە لە ساڵی ۲٠۲٥دا پێشێلکارییەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان زیادیان کردووە وەک کوشتن، گرتن، دەستبەسەرکردن، هێرشی ڕاستەوخۆ، دوورخستنەوە لە کار و ڕێگری لە بەدواداچوون لە کاتێکدا کە هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون بۆ پاراستنیان نییە.
هەروەها باس لەوە کرا کە شەش ڕۆژنامەنووسی سووری لە کاتی بەدواداچوونی ڕووداوەکان لە وڵاتەکە کوژراون و دوو ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی هەواڵی هاوار و ئاژانسی هەواڵی فورات لە کاتی گەڕانەوەیان لە بەدواداچوونی هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین، ئۆتۆمبێلەکەیان ڕاستەوخۆ کراوەتە ئامانجی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا و شەهید بوون کە دواتریش ڕۆژنامەنووس شەڕڤان سیدۆ لە ئەنجامی تۆپبارانی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە کاتی بەدواداچوونی هەمان ڕووداو شەهید بوو.
کۆمیتەکە ڕایگەیاند: بە گشتی نۆ ڕۆژنامەنووس شەهید کراون و نۆ کارمەندی میدیایی دیکە لە کاتی بەدواداچوونی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین کراونەتە ئامانج و بریندار بوون. هاوکات شەش حاڵەتی هێرشکردن و چاوترساندنی دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە چەند ناوچەیەکی سووریا تۆمارکراون.
حەوت ڕۆژنامەنووسیش لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ڕاگوزەری سووریادان بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەر کراون.
