ئەمڕۆ شەممە 1ی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوانگەی سەوزی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، "حکومەتی ئێستا پرسی ئاوی بەتەواوەتی لەبیرکردووە لە بەرژەوەندی پرس و ململانێی سیاسی و ئابوری، ئەمەش وایکردووە لە ئێستادا توندتر ببێتەوە، بەجۆرێک وشکەساڵی کاریگەری نەک تەنها پارێزگارەکانی باشووری گرتووە، بەڵکو دەستیکردووە بە درێژبوونەوە بۆ گەیشتن بە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری بەغدا و ناوچەکانی دیکە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "مەلەفی ئاو بە خراپترین قۆناغدا تێدەپەڕێت، بەو پێیەی عێراق ڕووبەڕووی توندترین قەیران بووەتەوە لە ماوەی 90 ساڵدا، بە گوتەی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو"، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕەنگە یەدەگی ئاو لە چەند مانگی داهاتوودا کەمببێتەوە بۆ کەمتر لە 4% ئەگەر بارانبارین لە بەغدا و پارێزگاکان دوابکەوێت.
دووپاتیشی کردەوە کە ڕەنگە بارانبارین بە ڕێژەی جیاواز پرسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و ڕێکخەرەکان و بەنداوەکان چارەسەر نەکات، چونکە عێراق پێویستی بە ڕێژەیەک هەیە کە لانیکەم زیاتر لە 3 مانگ درێژببێتەوە، لەگەڵ ڕێژەی بارانبارینی زۆر، بۆ ئەوەی عێراق بەس بێت بۆ وەرزی هاوینی داهاتوو، بۆ کشتوکاڵ، و بۆ بەکارهێنان.
ڕوانگەکە هۆشداری داوە کە عێراق بۆ جاری دووەم لەلایەن تورکیاوە فریو دەخرێت، دوای ئەوەی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی یەک ملیار مەتر سێجا ئاو بۆ ڕووبارەکانی دیجلە و فورات ئازاد بکات. دەکرێت بڕێکی وا زۆر "بەبێ قەرەبووکردنەوە" بۆ عێراق ئازاد بکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا دەیەوێت فشاری زیاتر بخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا ئیمتیازاتی سیاسی و ئەمنی و ئابووری زیاتر بکات.
