ئەمڕۆ هەینی 31ی ئۆکتۆبەر، کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی ڕایگەیاند، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕادەستکردنی مووشەکی کروزی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا، چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ڕادەستکردنی مووشەکەکان بدات.
ئەمەش لە کاتێکدایە ترمپ لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ مارک ڕوت، سکرتێری گشتی ناتۆ ڕایگەیاند، کە "تەنها ئەمریکا دەزانێت چۆن مووشەکی تۆماهۆک بەکاربهێنێت و ئەم زانیارییە لەگەڵ کەسدا هاوبەش ناکات".
شایانی باسە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە میانی کۆبوونەوەکەیاندا لە 17ی ئۆکتۆبەر، نەیتوانی ترەمپ ڕازی بکات، کە ڕێگە بدات کیێڤ مووشەکی تۆماهۆکی دوور مەودای بۆ دابین بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە ٢٣ی تشرینی یەکەم دا ڕایگەیاند، کە "کاردانەوەی ڕووسیا لە ئەگەری لێدانی خاکەکەی بە مووشەکی تۆماهۆک جددی دەبێت، ئەگەر دەنگدانەوە نەبێت".
کاتێک ڕۆژنامەنووسان داوایان لە دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا کرد، لێدوانەکەی پوتین ڕوون بکاتەوە، ئەویش لە وەڵامدا وتی:” لێدوانەکەی سەرۆکی ڕووسیا سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەگەری هێرشەکان بە مووشەکی تۆماهۆک قسەخۆش و گشتگیرە، هیچ شتێک نییە لێرەدا پێویست بکات ڕوون بکرێتەوە”.
مووشەکی تۆماهۆک چەکی وردی بەرز و دوور مەودای ئەمریکییە، توانای ئەوەی هەیە ئامانجەکان بپێکێت کە تا 1500 کیلۆمەتر لە دوورییەوەیە و پێشتریش لە چەندین ململانێدا بەکارهێنراوە، لەوانە شەڕی کەنداو و هێرشەکانی سەر سوریا.
