ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ ئەمریکا داوای لە مۆسکۆ کردووە سیستەمی ڕادار و فڕۆکەی جەنگی و مووشەکی بۆ چاکبکاتەوە، ئەمە جگە لە پلانی دارایی مامناوەندی سێ ساڵە لە ڕێگەی کۆمپانیای پیشەسازی بەرگری ڕووسی ڕۆستێکەوە.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڤەنزوێلا پەیوەندی بە چین و ئێرانیشەوە کردووە بۆ بەدەستهێنانی هاوکاری و کەرەستەی سەربازی بەمەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری.
مادۆرۆ داوای لە شی جینپینگ سەرۆکی چین کرد کە هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ وڵاتەکەی فراوانتر بکات بۆ بەرپەرچدانەوەی "توندبوون لەگەڵ ئەمریکا"، هەروەها داوای خێراکردنی بەرهەمهێنانی سیستەمی ڕاداری چینی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ڤەنزوێلا.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆمان سێلێستینۆ، وەزیری گواستنەوەی ڤەنزوێلا لەم دواییانەدا هەماهەنگی ناردنی کەرەستەی سەربازی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێرانەوە کردووە، هاوکات کاراکاس تارانی لە پێویستی بەپەلەی بە ئامێری جامکردنی جی پی ئێس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە مەودای تا هەزار کیلۆمەتریان هەیە ئاگادار کردەوە.
