Apora Logo

سێ تەحەدای بەردەم سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق

سێ تەحەدای بەردەم سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق

ئینستیتیوتی کوینسی، بڵاویکردەوە کە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق ڕووبەڕووی سێ تەحەدای سەرەکی دەبێتەوە، ئەوانیش قەیرانی ئاو و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێرانن. پێیوایە سەرکەوتنی بەغدا لە ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ سەرکەوتنی عێراق گرنگترە.

31/10/2025

ئینستیتیوتی کوینسی کە ناوەندەکەی لە ئەمریکایە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، "چاوەڕوانیەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەو ئاڕاستەیە دەڕۆن کە ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان زۆر کەم دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی ئاڵۆزترکردنی کارەکانی پێکهێنانی حکومەت".


ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێش خۆی، چونکە سەرۆکی ڕەوتی سەدری موقتەدا سەدر، لە سیاسەت کشاوەتەوە، ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەبات و حزبوڵای لوبنانی کە هاوپەیمانی ئێرانە، لاوازە".


لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، " سەرەڕای بەردەوامی گێژاوی ناوچەکە، عێراق توانیویەتی تاڕادەیەک سەقامگیری خۆی بپارێزێ.


ئاشکراشیدەکات، ماوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی ئارامتر بوو لە خولەکانی پێش خۆی و بەبێ فەزیحە و نائومێدی کۆتاییهات.


ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەشکردوە، بەڵام کەمیی کارەبا وایکردووە ئیدارەی سودانی خێراتر هەنگاو بنێت و پڕۆژەی ژێرخانی گەورە بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکە ڕابگەیەنێت، لەوانەش گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای جەنەراڵ ئێلیکتریکی ئەمریکی بۆ زیادکردنی 24 هەزار مێگاوات کارەبا تا ساڵی 2028، بۆ زیادکردنی 24 هەزار بۆ 28 هەزار مێگاوات کە ئێستا عێراق بەرهەمی دەهێنێت.


ئاماژەی بە گرێبەستە وزەییەکانی دیکە کرد کە لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزەی ئەمریکی وەک شێڤرۆن و ئێکسۆن مۆبیل ئەنجامدراون، ئەو گرێبەستانەی بە نوێنەرایەتی "گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلەتیکی گەورە" وەسفکرد، کە ئاماژەیە بۆ نوێبوونەوەی پەیوەندی ڕۆژئاوایی.


لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، کە ڕەنگە ئەم جۆرە هەنگاوانە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دڵخۆش بکات، کە چاوەڕوان دەکرێت دواتر لە بەغدا یان واشنتۆن چاوی بە سودانی بکەوێت.



قەیرانی ئاو


زەقترین کێشە لە عێراقدا کەمی ئاوە، نزیکەی 75%ی ئاوی شیرینی لە ڕێگەی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە پشت بە تورکیا و ئێران دەبەستێت، ساڵی 2025 وشکترین ساڵ بووە لەسەر ئاستی عێراق لە ساڵی 1933ەوە.


هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە کەمی بارانبارین و پرۆژەی بەنداوی تورکیا و ئێران کراوە، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دیجلە و فورات تا 27%، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لە ئێستادا خەزانەکان کەمتر لە 8 ملیار مەتر سێجا لە خۆدەگرن، کە کەمترین قەبارەی ئاوی دیجلە و فوراتە لە ماوەی زیاتر لە 8 دەیەدا.


لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە بڕیارەکەی حکومەت کراوە لە مانگی ئەیلولدا بۆ ڕاگرتنی چاندنی گەنم بەهۆی کەمی ئاوەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بەسرە بەتایبەتی ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی گەشەسەندو بووەتەوە، لەکاتێکدا ئەو تاڵاوگە فراوانانەی کە لە سەردەمی میزۆپۆتامیاوە هەبوون پاشەکشە دەکەن.


ئینستیتیوتی ئەمریکی لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕاشیگەیاندوە" تێکچوونی ژینگە، مەترسی ناسەقامگیری ئابووری و نائارامی کۆمەڵایەتی بە تایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان بەرز دەکاتەوە".ئاماژەی بەوەشکرد "یەکێک لە چارەسەرەکان بەکرێدانی زەوییە کشتوکاڵییەکانە لە دەرەوەی وڵات، هاوشێوەی ئەوەی سعودیە و ئیمارات دەیکەن، کە بەروبووم لە ئەفریقا بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییە ناوخۆییەکانیان دەچێنن".



هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا


بەپێی ڕێککەوتنێکی ئەم دواییە، هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە ئەیلوولی 2025 دەستیان بە کشانەوە کرد، بە خەمڵاندن بۆ کشانەوەی تەواوەتی تا مانگی ئەیلولی 2026، هاوکات یەکە بچووکەکان لە هەرێمی کوردستان و لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد دەمێننەوە بۆ هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.


لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم دواییانەدا داوای لە سودان کردووە چەک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی وەربگرێتەوە، لەکاتێکدا ئەمریکا فشاری خستە سەر یاسادانەرانی عێراق بۆ کشانەوەی یاسایەک کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە تەواوی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتەوە.


ئاشکراشیکردوە، سودان ڕایگەیاندووە، کە گروپە چەکدارەکان دوو بژاردەیان هەیە، یان پەیوەستبوون بە دامەزراوە ئەمنییە فەرمیەکان، یان هەنگاونان بۆ کاری سیاسی بێ چەک.


هاوکات پەیمانگاکە دەشڵێت، لەشکرکێشی و داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە کوژرانی 4400 سەرباز و زیانی زیاتر لە 3 تریلیۆن دۆلاری بە ئەمریکییەکان داوە، ئەوەش ڕوونیکردووەتەوە کە دووڕیانەکەی ئەمریکا ئەوەیە کە گیری خواردووە لەنێوان دەستێوەردانێک کە کێشەی نوێ دروستدەکات، لەگەڵ ئەو هەستەی لەنێو داڕێژەرانی سیاسەتدا هەیە کە ناچارن تا کاتێکی نادیار بەڕێوەی ببەن.


بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، عێراق هەر لەو دینامیکاییەدا گیری خواردووە، بەو پێیەی واشنتۆن دەیەوێت بڕوات بەڵام توانای ئەوەی نییە مەترسییەکانی ئەو کارە بکات.



عێراق و ململانێی ئەمریکا و ئێران


ئینستیتیویەکە سێیەم تەحەدای بەردەم حکومەتی داهاتووی عێراقی بە دوورکەوتنەوە لە تێوەگلان لە ڕکابەرییە درێژخایەنەکەی ئەمریکا و ئێران زانیوەو ئاماژەی بەوەدا کە لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩ەوە واشنتۆن هەوڵی داوە ڕەنگدانەوەی ئەو شتە بێت کە بە زەلیلێکی نیشتمانیی زانیوە، ئەویش ڕووخانی هاوپەیمانەکەی کە شای ئێرانە و قەیرانی بارمتەگرتنی 444 ڕۆژەی کە بەدوایدا هات، کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ساڵی 1980دا هەبووبێت.


لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە هەردوولا دەیان ساڵە "جەنگی سێبەر" بەڕێوەدەبەن، لەکاتێکدا مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران ئێستا بوونەتە پاساوی ئەمەریکا بۆ بەردەوامیی کۆنتڕۆڵکردنی، لەنێویاندا هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.


ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە "عێراق مەترسی ئەوەی هەیە ببێتە گۆڕەپانی شەڕی بە وەکالەت"، وەبیری هێنایەوە کە یاسادانەرانی ئەمریکا لەم دواییانەدا داوای سزادانی عێراقیان کرد لە چوارچێوەی هەڵمەتی زۆرترین فشار بۆ سەر ئێران، سەپاندنی سزای بەرفراوان بەسەر هێزەکانی حەشدی شەعبی، چەند کەرتێکی بانکیی و نەوت لە عێراق، وەزیری دارایی و سەرۆکی دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، کە ڕاپۆرتەکە بە هێرشێکی بێوچان وەسفی کردووە لەسەر ئابووری و سەروەری عێراق.


ڕاپۆرتەکە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "دروشمی پڕۆژەی سیاسی سودان یەکەمجار عێراقە"، جەختیشی کردەوە کە بۆ واشنتۆن عێراق ئامرازێکە بۆ فشارخستنە سەر ئێران.


ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بڵاویشیکردۆتەوە، کە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەبێت هاتووچۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران بکات بۆ پاراستنی سەربەخۆیی ناسکی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد کە "پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی مشتومڕترین بابەتی نێوان ئەمریکا و عێراق دەبێت".


ڕاپۆرتەکە ڕەخنەی لەوە گرتووە و دەڵێت، پێدەچێت ئەمریکییەکان لەبیریان چووبێت کەچی ڕوودەدات کاتێک لەناکاو کۆمەڵێکی گەورە لە پیاوە چەکدارەکان دادەماڵن، ئاماژەیە بۆ ئەوەی "هاوسەنگکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان لەگەڵ فشارە دەرەکییەکان، بەتایبەتی لە لایەن ئەمریکا و ئێرانەوە، ئایندەی عێراق زۆر زیاتر لە دەرئەنجامی دەستبەجێی هەڵبژاردنەکان دیاری دەکات".

;