ئەمڕۆ هەینی 31ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ڕایگەیاندکە ئەمریکا کۆبوونەوەی پلان بۆ داڕێژراوی لوتکەی بودابێستی نێوان ترەمپ و پوتین هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بەهۆی "پێداگری مۆسکۆ لەسەر داواکارییەکانی سەبارەت بە ئۆکرانیا".
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئاڵۆزی نێوان مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هاتووە.
ڕۆژنامەکە دەشڵێت، پلانەکانی کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ترەمپ و پووتین کە بڕیاربوو ئەم مانگە لە بودابێست بەڕێوەبچێت لە لایەن ئەمریکاوە هەڵپەسێردرا، ئەمەش دوای ئەوەی مۆسکۆ سووربوونی خۆی لەسەر داواکارییەکانی ڕاگەیاند لەوانەش سازشکردنی ئۆکرانیا لە سەر بەشێکی خاکەکەی وەک مەرجێک بۆ ئاگربەست، بەڵام ترەمپ پشتگیری لە داواکاری ئۆکرانیا دەکرد بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ لەسەر بنەمای سنوورەکانی ئێستا.
دوای چەند ڕۆژێک لە ڕێککەوتنی ترەمپ و پوتین بۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە بۆدابێست بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا یاداشتێکی بۆ واشنتۆن دووپاتکردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەوەی پوتین بە "هۆکاری بنەڕەتی" لەشکرکێشییەکەی بۆ ئۆکرانیا ناوی دەبات، کە بریتین لە ئیمتیازاتی سنوورییەکان، کەمبوونەوەی بەرچاوی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، هەروەها گەرەنتی ئەوەی کە کیێڤ پەیوەندی بە ناتۆوە نەکات.
ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر ئەمریکا لوتکەکەی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرژی نێوان ڕۆبیۆ و لاڤرۆڤ
دوا بە دوای ئەو پەیوەندییە، ڕوبیۆ بە ترەمپی ڕاگەیاندوە کە مۆسکۆ هیچ ئامادەیییەک بۆ دانوستان نیشان نادات.
سەرەتای ئەم مانگە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند ، کیێڤ ئامادەیە بۆ دانوستانەکانی ئاشتی، بەڵام سەرەتا هێزەکانی لە خاکی زیادە ناکێشێتەوە، وەک ئەوەی مۆسکۆ داوای کردبوو.
هیواکان بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئۆکرانیا کە لە شوباتی 2022ەوە بەردەوامە، دوای داڕمانی دەرفەتی کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتین کاڵ دەبێتەوە، هەرچەندە چەند هەفتەیەک پێشتر لە ئەلاسکا لە کۆبوونەوەیەکدا کۆبوونەوە بەڵام نەیانتوانی هیچ پێشکەوتنێک بەدەستبهێنن بەرەو کۆتاییهێنان بە ململانێکان.
