ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی (31ی تشرینی یەکەمی 2025)، لە یەکەم لێدوانی فەرمیدا لە دوا دەستبەکاربوونییەوە، کە لە ئەکاونتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، مارک ساڤایا نێردەی نوێی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند، عێراق لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی گرنگی ناوە لەسەر ڕێبازی چاکسازی سیاسی و ئابووری و دەستیکردووە بە وەرگرتنەوەی پێگەی خۆی وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری.
ئاماژەی بەوەشکرد، "هێشتا کارەکان تەواو نەبوون، و وڵاتەکە هێشتا پێویستی بە پشتیوانی بەردەوام هەیە بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێبازە".
ساڤایا ئاشکراشیدەکات، ئەمریکا بەڕوونی ئەوەی خستۆتەڕوو کە هیچ شوێنێک نییە بۆ گروپە چەکدارەکان کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کاردەکەن، چونکە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق پەیوەستە بە هێزە ئەمنییەکانی یەکگرتوو لەژێر یەک حکومەت و یەک ئاڵا کە نوێنەرایەتی هەموو عێراقییەکان دەکات.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: بەبێ ئەم یەکگرتووییە، سەروەری و پێشکەوتنی عێراق لە مەترسیدا دەمێنێتەوە.
نێردەی ئەمەریکا دووپاتیشیکردەوە، کە وڵاتەکەی عێراق وەک بەردی بناغەی سەقامگیری ناوچەکە دەڕوانێت، هەروەها بەرژەوەندی گەلی عێراق و ناوچەکە بە گشتی پەیوەستە بە عێراقێکی تەواو سەروەری، دوور لە دەستێوەردانی دەرەکیی ناشرین، لەنێویاندا لەلایەن ئێران و بریکارەکانییەوە.
ڕوونیشیکردەوە، ئیدارەی نوێی ئەمەریکا کاردەکات بۆ پتەوکردنی هاوبەشی لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئاسایشی یەکتری بکات و پاڵپشتی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بکات بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی.
ساڤایا ئاماژەی بەوەدا کە "یەکڕیزی و هاوکاری نێوان دەسەڵاتە فیدراڵی و هەرێمایەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی بەردەوام و گەشەی ئابووری و یەکگرتوویی نیشتمانی زۆر پێویستە"، ئاماژەی بە گرنگی لێکتێگەیشتن لە نێوان بەغدا و هەولێر لە بەڕێوەبردنی پرسە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان کرد.
ساڤایا دەشڵێت کە "عێراق وڵاتێکی سەرەکییە لە ناوچەکەدا، و دەبێت ڕۆڵی سروشتی خۆی بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە"، جەختیشی لەوە کردەوە کە واشنتۆن ڕێگە بە عێراق نادات بگەڕێتەوە بۆ قۆناغەکانی دابەشبوون یان هەژموونی گروپە چەکدارەکان کە هەڕەشە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەن.
نوێنەری ئەمریکا لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی: ئەرکی من بەناوی سەرۆک ترەمپەوە پەیوەندیکردنە لەگەڵ عێراق و پاڵپشتیکردنی بەدواداچوونی سەقامگیری و سەروەری و خۆشگوزەرانی. عێراق وەک یەکێک لە هاوبەشە بەهێز و بەنرخەکانی ئەمریکا دەمێنێتەوە و کاردەکەم بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە دوو قۆڵییە بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی عێراق و ئەمریکا بکات.
چاودێران پێیان وایە لێدوانەکانی ساڤایا نوێنەرایەتی پەیامێکی پتەوی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا دەکەن، ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتۆن پاڵپشتی عێراق دەکات لە ڕێبازەکەیدا بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری، بەڵام لە هەمان کاتدا تەحەمولی بەردەوامی کاریگەری گروپە چەکدارەکان ناکات کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت یان ملکەچی ڕێنمایی دەرەکی کاردەکەن.
