Apora Logo

لیژنەی كشتوكاڵ: عیراق بە قۆناغێكی مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت و ئەمساڵ ئاوی پێویست بۆ كەرتی كشتوكاڵ دابین نەكراوە

لیژنەی كشتوكاڵ: عیراق بە قۆناغێكی مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت و ئەمساڵ ئاوی پێویست بۆ كەرتی كشتوكاڵ دابین نەكراوە

لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هۆشداری دەدات لە زیانەكانی وشكەساڵی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە عیراق و ئاماژەی بەوەكردووە، تا ئێستا نەتوانراوە پلانی كشتوكاڵی بۆ ئەم وەرزە رابگەیەنرێت.

30/10/2025

لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، عیراق بە قۆناغێكی مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت و ئەمساڵ ئاوی پێویست بۆ كەرتی كشتوكاڵ دابین نەكراوە، هەروەها نەتوانراوە تا ئێستا پلانی كشتوكاڵی بۆ ئەم وەرزە دابنرێت، كە رەنگە لە پلانەكەدا رووبەری چێنراو بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبكرێتەوە.

لەو بارەیەوە ئیبتیسام هیلالی ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، زیانەكانی وشكەساڵی بەتەنیا پەیوەست نین بەمساڵەوە، بەڵام ئەمساڵ كاریگەرییەیەكی زیاتر و فرەلایەن بووە و بووەتە هەڕەشەیەكی جدی بۆسەر ئاسایشی خۆراك، بەجۆرێك كەرتی ئاژەڵداری رێژەی ٪70 پاشەكشەی كردووە و هەروەها بەهۆی وشكبوونی زۆنگاوەكانەوە، بەشێكی ئەو ئاژەڵ و باڵندانەی پشت بە زۆنگاوەكان دەبەستن لەناوچوون، ئەوە جگە لەو زیانە زۆرەی بەر سامانی ماسی كەوتووە.

ئیبتیسام هیلالی دەشڵێت، وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو هەوڵەكانی بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان چڕكردووەتەوە، بەڵام كارەساتەكە لەوە گەورەترە و پێویستی بە هەنگاوی بەپەلەی حكومەت و هاوكاریی هەرێمایەتی هەیە.

;