ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی چوارشەممە (29ی تشرینی یەکەمی 2025) ڕایگەیاند، کۆکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن ئێرانەوە ڕێگەی پێدەدات 10 بۆمبی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت.
گرۆسی لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردۆتەوە، وتی: ئێران چالاکانە یۆرانیۆم پیتاندن ناکات، بەڵام چالاکییەکان لە نزیک شوێنەکانی عەمبارکردنی ئەتۆمی وڵاتەکە دەستنیشانکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاژانسەکە چالاکییە نوێیەکانی لە شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستنیشانکردووە".
گرۆسی ئاماژەی بەوەدا کە "ماددە ئەتۆمییەکانی پیتێنراو تا ٦٠% هێشتا لە ئێراندان و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی کە لەگەڵ تاران باسی لێوە دەکرێت".
هەروەها هۆشداریشیدا کە "کۆمەڵەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن ئێرانەوە دەتوانێت 10 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات ئەگەر بڕیار بدات ڕوو لە مەبەستی سەربازی بکات".
ئێران خاوەنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%یە کە نزیکە لەو 90%ەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاپۆرتی دا، ئێران تاکە دەوڵەتی بێ چەکی ئەتۆمییە کە یۆرانیۆم تا ئاستی لەسەدا ٦٠ پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات.
لە مانگی تەمموزدا تاران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە تەواوی ڕاگرت دوای شەڕێکی ١٢ ڕۆژە کە دوای هەڵمەتێکی بۆردومانی بێ وێنەی ئیسرائیل کە بە تایبەتی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردە ئامانج، سەریهەڵدا. ئێران وەڵامی دایەوە و مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا.
هەروەها ئەمریکا لە کاتی ئەو شەڕەدا هێرشی کردە سەر بەشێک لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ئێران.
ئەم شەڕە کۆتایی بە خولەکانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ هێنا کە لە مانگی نیسانی ڕابردوو لە نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دەستی پێکرد.
ڕێککەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ڕۆژی شەممە بە فەرمی کۆتایی هات، هەرچەندە لە کۆتایی مانگی ئەیلولەوە بە شێوەیەکی کاریگەر نێژرابوو دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە، بە دەستپێشخەری فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا.
