Apora Logo

یەکەم لێدوانی ترەمپ دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە

یەکەم لێدوانی ترەمپ دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە مەترسی لەسەر ئاگربەست دروست ناکات. ئاشکراشیدەکات، هۆکاری هێرشەکە کوشتنی سەربازێکی ئیسرائیل بوو بە دەستی حەماس.

29/10/2025

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ڕایگەیاند، هۆکاری هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس لە غەززە ئەوە بووە سەربازێکی ئیسرائیلیان کوشتووە. گوتیشی بەڵام هیچ شتێک ئاگربەستەکە ناخاتە مەترسییەوە.


ترەمپ، حەماسی بە "بەشێکی کەم لە ڕێککەوتنی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" زانی، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئیسرائیل مافی تۆڵەسەندنەوەی هەیە" و "ئەگەر حەماس پابەند نەبێت، ئەوا لەناو دەچێت".


ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، ئەگەر ناچار بین زۆر بە ئاسانی حەماس لەناو دەبەین و ئەوە کۆتاییان دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، پێمان باشە ئەوە نەکەین، ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵیان کرد.


بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ئەندامانی حەماس تەقەیان لە هێزێکی سەربازی ئیسرائیل کردووە لە ناو کەرتی غەززە، ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕڤانان لە تونێلێکەوە لە ناوچەی ڕەفح دەرچوون و مووشەکی دژە تانکیان ئاراستەی هێزەکانی سوپا کردووە.


بزووتنەوەی حەماس دووپاتیکردەوە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە تەقەکردنی سەربازێکی ئیسرائیلی لە ڕەفح نییە، جەختیشی لە پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەست کردەوە.


هاوکات، سەرچاوە پزیشکییەکانی فەلەستینی ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارەکانی غەززە و خان ​​یونس لە کەرتی غەززە 37 کەس کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون.


پێشتر ئاژانسی فرانس پرێس شەوی چوارشەممە بڵاویکردەوە، کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لانیکەم 30 کەس کوژراون.


دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، ئیسرائیل و حەماس یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن.

;