سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، پەکەکە بە کشانەوەی جارێکی دیکە لە تورکیادا کار ناکات و چاوەڕوانن ئەو پارتە کوردیە بوونی خۆی لە عێراق و سووریا و ئێران ڕابگرێت، پێشی وایە “دەنگدان و چەکداریی پێکەوە نابن”.
نوعمان کۆرتمڵوش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بۆ کشاندنەوەی گەریلاکانی لە باکوری کوردستان و تورکیا قسەیکرد و ڕایگەیاند، بڕیارەکە مێژووییە و ململانێکان تێدەپەڕێندرێت، ئەگەر چی لە وڵاتانی دیکە کۆتاییهاتنی ململانێکان کاتێکی زۆری دەوێت، بەڵام پەکەکە لە ماوەی ساڵێکدا، خۆی هەڵوەشاندەوە و چەکی دانا و کشایەوە ئەوەش واتا لادانی زۆر بەربەست لەبەردەم ئاشتیی.
وتیشی، “ئەو گەریلایانەی کشاونەتەوە جارێکی دیکە لە تورکیا کار ناکەنەوە، ئێستا ئەنقەرە چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە پارتەکە بە تەواوەتی بوونی خۆی لە وڵاتانی عێراق و سووریا و ئێرانیش ڕابگرێت، تورکیا لەو پێناوەدا هەموو هەوڵێک دەدات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کەس لە هیچ جێیەکی جیهاندا ناتوانێت بە دەستێکی چەکدار بێت و بە دەستەکەی تری دەنگدەر بێت، هیواخوازن ئەوانەی باوەڕیان بە دیموکراسییەت و هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدانە جارێکی دیکە چەک هەڵنەگرنەوە.
دوێنێ یەك شەممە، پەكەكە ژمارەیەك گەریلای لەناو خاكی توركیا بۆ ناوچەكانی قەندیل و خاكی هەرێمی كوردستان كشاندەوە بۆ خۆبەدوورگرتن لە پێكدادانی چەكداری لەگەڵ سوپای توركیا و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی، كە سەرەتای ئەمساڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانی كراوی پەكەكە ڕایگەیاند.
