ڕۆژی 23ی تشرینی یەکەمی 2025، دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ دەستپێکردنی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا سەفا مەشهەدانی ڕاگەیاند.
بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم"، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە،
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "لە لێکۆڵینەوەکان دوو تۆمەتبار بە کوشتنی مەشهەدانی تێوەگلاون و دانیان بەوەدا ناوە کە تاوانەکەیان ئەنجامداوە و ڕۆڵی سەرەکییان لە ئەنجامدانی ڕووداوەکە، لە ڕێگەی بەڵگەی تەکنیکی و شیکردنەوەی تۆمارەکانی کامێرای چاودێرییەوە سەلمێنراوە".
هەروەها ڕونیشیکردۆتەوه "لێکۆڵینەوەکان سەلماندویانە که ڕووداوەکه سروشتێکی تاوانکارییه و پەیوەندی به کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە هەیە، هەروەها ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر بە تۆمەتبارەکە به پێی یاسا گیراوەتەبەر".
هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە 21ی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری ڕاگەیاند کە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە تیرۆرکردنی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا سەفا مەشهەدانی، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ورد و چۆنایەتیدا لە قەزای تارمیە لە باکووری پایتەخت ئەنجامدرا.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "هێزێک لە پێکهاتەکانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوو و چۆنایەتییان ئەنجامداوە کە لە ئەنجامدا پێنج کەس دەستگیرکران کە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە تاوانی شەهیدکردنی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا سەفە مەشهەدانی".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر بنەمای فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەری بووە کە لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەرچووە، هەروەها دوای هەوڵی هەواڵگری و مەیدانی بەرفراوان و لێکۆڵینەوەی ورد بووە کە بووە هۆی دەستنیشانکردنی شوێنی داواکراوان و دەستگیرکردنی دروستیان".
وەزارەتەکە پشتڕاستی کردەوە کە "هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی دادوەریدا بەردەوامن، و وردەکاری تەواو ڕادەگەیەنرێت کاتێک ڕێکارە پێویستەکان تەواو دەبن".
سەفا ئەلمەشهەدانی، کاندیدی هاوپەیمانیی (ئەلسيادە)، بەرەبەیانی 15ی تشرینی یەکەم لە کاتی گەڕانێکی مەیدانیدا لە شاری تارمیە لە باکووری بەغدا کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
مەشهەدانی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێنراو کە بە ئۆتۆمبێلەکەیدا لکێنرابوو لە باکووری بەغدا، کوژرا. لە کاتی ڕووداوەکەدا 3 بۆ 4 کەس لە پاسەوانەکانیشی بریندار بوون.
جگە لەوەی کاندیدی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بوو لەسەر لیستی هاوپەیمانیی (ئەلسيادە)، مەشهەدانی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداش بوو.
