ڕۆژی دووشەممە 27ی تشیرینی یەکەمی 2025، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، تاقیکردنەوەکانی مووشەکی کروزی "بورێڤێستنیک" هەڵگری هێزی ئەتۆمی سەرکەوتوو بووەو ئامانجە سەرەکییەکانی تاقیکردنەوەکە بەدیهاتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەوەی مووشەکەکە بە فەرمی بخرێتە خزمەتی شەڕەوە، کاری زیاتر ماوەتەوە.
لای خۆیەوە، ڤالێری جیراسیمۆڤ، سەرۆکی ئەرکانی گشتی سوپای رووسا ڕایگەیاند، ئەو تاقیکردنەوەیەی لە 21ی تشرینی یەکەمدا ئەنجامدرا، مووشەکەکە مەودای 14 هەزار کیلۆمەتری گرتەوە، ڕوونیشیکردەوە کە ئەمە زۆرترین مەودای ئەو مووشەکانە نییە. جەختیشی لەوە کردەوە کە مووشەکەکە توانای خۆی نیشانداوە بۆ تێپەڕاندنی سیستەمی بەرگری مووشەکی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی تاقیکردنەوە مووشەکیەکەی ڕووسیاوە، ڕایگەیاند، ئەوان یاریمان لەگەڵ ناکەن، ئێمەش یارییان لەگەڵ ناکەین.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا یەکێتی ئەوروپا دەبێت سەروەت و سامانی بەستووی ڕووسیا بۆ یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا بەکاربهێنێت، ترەمپ وتی "دەبوو پرسیار لە یەکێتی ئەوروپا بکەیت، من لەو کارەدا بەشدار نیم".
سەبارەت بە ئەگەری سەپاندنی سزای زیادە بەسەر ڕووسیادا، ترەمپ بە سادەیی وتی "ئێوە بۆتان دەردەکەوێت".
