دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە درێژترین گەشتیدا بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی یەکدا، چەندین گرێبەستی لەگەڵ وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ڕاگەیاند، هەروەها لە یەکەم وێستگەی گەشتەکەیدا لە مالیزیا سەرپەرشتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان تایلەند و کەمبۆدیای کرد.
بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە بە کۆبوونەوەی لوتکەی لەگەڵ شی جینپینگ سەرۆکی چین لە کۆریای باشوور کۆتایی بە گەشتەکەی بهێنێت، لە کاتێکدا دانوستانکارانی دوو گەورەترین ئابووری جیهان هەوڵ دەدەن شەڕێکی بازرگانی وێرانکەر بپارێزن.
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی truth social بەر لە ڕۆیشتنی، نوسیویەتی "جێهێشتنی مالیزیا، وڵاتێکی گەورە و زیندوو. واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتنی بازرگانی گرنگ، ڕێککەوتنی کانزای زەوی دەگمەن، لە هەمووی گرنگتر، دوێنێ پەیمانی ئاشتی تایلەند و کەمبۆدیا واژۆکرا شەڕ نەما! ژیانی ملیۆنان کەسم ڕزگارکرد چ شەرەفێکە کە ئەمەم کردووە ئێستا بەرەو ژاپۆن."
تاکایچی، دوای بوونی بە سەرۆکوەزیرانی نوێی ژاپۆن لە یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنیدا
بە ترەمپی ڕاگەیاندووە، بەهێزکردنی هاوپەیمانی نێوان وڵاتەکانیان لە پێشینەی کارەکانی بووە.
یەکەم وێستگەی ترامپ لە ژاپۆن دیدارێک دەبێت لەگەڵ ئیمپراتۆر ناروهیتۆ لە کۆشکی ئیمپراتۆری لە دڵی تۆکیۆ. ترەمپ یەکەم سەرکردەی بیانی بوو کە چاوی بە ناروهیتۆ کەوت دوای ئەوەی لە ساڵی 2019دا هاتە سەر تەختی پاشایەتی، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ترامپ و تاکایچی لە کۆشکی ئاکاساکا کۆببنەوە.
جگە لە بەڵێنەکانی وەبەرهێنان، چاوەڕوان دەکرێت تاکایچی دڵنیایی بدات بە ترەمپ کە تۆکیۆ ئامادەیە هەوڵی زیاتر بدات سەبارەت بە ئاسایش، دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی بە یاسادانەرانی ڕاگەیاند کە بەدوای گەورەترین کۆکردنەوەی بەرگری ژاپۆن دەگەڕێت لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
لە کاتێکدا تاکایچی ڕایگەیاندووە کە پلانێکی خێراتر دەکات بۆ زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری بۆ لەسەدا 2ی بەرهەمی ناوخۆیی، بەڵام ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە بۆ ئەوەی ژاپۆن ناچار بکات پابەند بێت بە هەر زیادکردنێکی دیکە کە ترەمپ داوای دەکات بەهۆی لاوازی پێگەی سیاسییەوە، سەرچاوەکان پێشتر بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە. بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات پێویستی بە ڕەزامەندی پەرلەمان دەبێت. حکومەتی هاوپەیمانییەکەی دوو کورسی کەمترە لە زۆرینەی دەنگی ئەنجومەنی خوارەوە، کە بڕیارەکە دەدات.
