کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایدەگەیەنێت، زیاتر لە ٢٣ ملیۆن پەڕەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکان چاپکراون کە خاوەنی چەندین تایبەتمەندیی ئەمنین و ڕێگری لە کۆپیکردن و ساختەکاری دەکەن.
نیبراس ئەبو سودە، جێگری وتەبێژی کۆمسیۆن ڕایگەیاند، ٢٢ ملیۆن و ٤٦ هەزار و ٢٠٠ پەڕەی دەنگدان بۆ دەنگدانی گشتی و یەک ملیۆن و ٥٠٩ هەزار و ٣٠٠ پەڕەی دیکەش بۆ دەنگدانی تایبەت ئامادەکراون.
ڕوونیکردەوە، کە پەڕەکان هێما و نیشانەی شاراوە و ڕەنگی تایبەتیان تێدایە، هاوشێوەی ئەوانەی لە دراوەکاندا بەکاردێن، کە تەنها لە ڕێگەی ئامێرە تایبەتەکانی کۆمسیۆنەوە دەناسرێنەوە، ئەمەش وادەکات کۆپیکردنیان ئەستەم بێت.
ئەبو سودە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، پەڕەکان دەژمێردرێن و پۆلێن دەکرێن، پاشان لە ئەرشیفی کۆمسیۆندا بەشێوەیەکی پارێزراو هەڵدەگیرێن.
