لە جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو مامۆستای کورد سزادران، بە هۆی ئەوەی قوتابی قوتابخانەکەیان سرودی کوردی تێدا وتراوە.
هەر یەک لە زەیتوون کەهزادی، بەڕێوبەر و مێهری خوسرەوی زادە جێگری بەڕێوبەر لە قوتابخانەی فیردەوسی سەرەتایی کچان ، لە لەیەن فەرمانگەی پەروەردەی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان سزادراون، بە هۆی ئەوەی لە ناو قوتابخانەکەیاندا سرودێک بۆ کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە لایەن قوتابیەکانەوە وتراوەتەوە.
بەپێی زانیاریەکان مامۆستا زەیتون لە بەڕێوبەری لابراوە و مامۆستا مێهریش پلەی مامۆستایەکەی کەمکراوەتەوە و بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە، کە جارێکی دیکە چالاکی لەو شێوەیە لە قوتابخانە یان پۆلەکانیان ئەنجام نەدەن.
١٣ ئاداری ٢٠٢٥، سرودەکە لە قوتابخانەکە تۆمارکراوە و لە بڵندگۆی قوتابخانەکەوە لێدراوە بۆ ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دیمەنی ئەو قوتابیانە بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبوەتەوە، کە سرودی "ڕێی خەبات" دەڵێنەوە.
