ڕۆژنامەی "لی پاریزیان"ـی فەرەنسی ئاشکرای کرد کە نرخی بلیتەکانی بەشداریکردن لە جامی جیهانی 2026، کە بۆ یەکەمجار بە بەشداری 48 هەڵبژاردە لە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، نرخێكی خەیاڵی هەیە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی ڕۆژنامەکە لە سەرچاوە ئەمریکییەکانەوە گواستوویەتییەوە، لەوانە "زە ئەتلەتیک"، نرخەکان بە شێوەیەکی بێ وێنە بەرزبوونەتەوە بە بەراورد بە خولەکانی پێشوو، ئەمەش ڕەنگە ببێتە بارگرانییەک بۆ ئەو هاندەرانەی دەیانەوێت بەشداری گەورەترین بۆنەی تۆپی پێی جیهان بکەن.
سەرەڕای ئەوەی ڕێکخەران ڕایانگەیاند کە نرخی بلیتەکانی قۆناغی کۆمەڵەکان تەنها لە 60 دۆلارەوە دەستپێدەکات، بەڵام ئەم بلیتە زۆر سنووردار دەبێت، لە کاتێکدا نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە قۆناغەکانی پێشکەوتوودا بەرزدەبنەوە.
یاریی کۆتایی گەورە: نرخی قۆناغی یەکەم لە نێوان 2030 و 6730 دۆلاردا بوو (واتە زیاتر لە 5700 یۆرۆ)، و لە چەند کاتژمێرێکدا فرۆشران سەرەڕای تێچووە زۆرەکەی.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدا کە قۆناغی یەکەمی فرۆشتن، کە تەرخانکرابوو بۆ خاوەن کارتی "ڤیزا" کە لە تیروپشکەکەدا براوە بوون، بە شێوەیەکی بەرچاو خواستێکی زۆری لەسەر بوو و ڕیزی ئەلیکترۆنی هێندە قەرەباڵغ بوو کە ڕێگربوو لەوەی زۆرێک بتوانن بیکڕن.
"لی پاریزیان" جەختی لەوە کردەوە کە هاندەران هێشتا دەرفەتی دیكەیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی بلیت، لە ڕێگەی قۆناغەکانی نوێی فرۆشتنەوە:
قۆناغی دووەم: ناونووسین لە نێوان 27 و 31ـی تشرینی یەکەم.
قۆناغی سێیەم: دوای تیروپشکی فەرمی کە لە 5ـی کانوونی یەکەم لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت، دەستپێدەکات، کە تێیدا هاندەران دەتوانن بلیت بۆ یارییە دیاریکراوەکان بکڕن.
شایەنی باسە کە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ "فیفا" سنوورێکی توندی بۆ کڕین داناوە، بە جۆرێک کە ژمارەی بلیتەکان لە چوار بلیت بۆ هەر یارییەک تێپەڕنەکات، و بە لایەنی زۆرەوە 40 بلیت بۆ هەر کەسێک بە درێژایی پاڵەوانێتییەکە.
