مایکڵ شوماخەر کە حەوت جار پاڵەوانی فۆرمۆلا وەن بووە، نزیکەی 12 ساڵ لەمەوبەر بەهۆی رووداوێکی سەختی خلیسکانێی سەر بەفر، لە چاوی خەڵکی و کامێراکان دوورکەوتووەتەوە و دەوترێت لەئێستادا باری تەندروستی ناجێگیرە.
فیلیکس گۆرنەر، رۆژنامەنووسێکی ئەڵمانییەکە کە نزیکە لە بنەماڵەی شوماخەر، جەختی لەوە کردەوە، مایکل چیتر ناتوانێت قسە بکات و ناتوانێت بیرکردنەوەکانی لە رێگەی زمانیەوە دەرببڕێت.
وتیشی: ئەمە دۆخێکی زۆر دڵتەزێنە، ئەو پاڵەوان بوو، هەروەها کۆڵنەدەر بوو، ئێستاش هەموومان بە هیواوە چاوەڕێین بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە، بەڵام چیتر دۆخی باش نییە و پێدەچێت جارێکی دیکە نەیبینینەوە.
میدیاکانی ئەڵمانیا پێشتر باسان لەوەکردووە، بەهۆی سەختی رووداوەکەیەوە و ئەو زیانانەی بەر ئەفسانەکەی فۆمولا وەن کەوتووە، تیمێکی 15 کەسی 24 کاتژمێر چاودێری شوماخەر دەکەن، چونکە پێویستی بە چاودێری بەردەوام هەیە و کاریگەرییەکانی برینەکانی بە ڕوونی پێوە دیارە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، لەو کاتەوەی مایکڵ شوماخەر تووشی رووداوەکە بووە، خێزان و هاوسەرەکەی دۆخ و ژیانی ئەوەیان بە شاراوەی هێشتووەتەوە و رێگەیاننەداوە هیچ وێنەیەک یان زانیارییەکی زۆر ورد لەسەری بڵاوبکرێتەوە.
