رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە بەنیازن لە وەرزی 2026 بۆ 2027 پێکهاتەی یانەکەیان بە گواستنەوەی چەند ئەستێرەیەک بەهێز بکەن تا وەڵامی گرێبەستە گەورەکانی دوو وەرزی رابردووی ریاڵ مەدرید بدەنەوە.
موندۆ ئاماژەی بەوەداوە، یەکێک لەو ئەستێرانەی کە یانە کەتەلۆنیەکە هەوڵی گواستنەوەی دەدات ئێرلینگ هالاندی نەرویجی و هێرشبەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزیە.
دوپاتیکردووەتەوە کە خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنە چەند ساڵێکە خەون بە ئیمزاکردنی گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە دەبینێت و ئامانجی ئەوەیە بە هەر نرخێک بێت پەلکێشی ریزەکانی یانەکەی بکات و بیکاتە رکابەری کیلیان مباپێی هێرشبەری یانەی ریاڵ مەدرید.
ئەو رۆژنامەیە دەشڵێت، جولیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینی و ئەستێرەی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید یەکێکیترە لەو یاریزانانەی کە یانە کەتەلۆنیەکە هەوڵی گواستنەوەی دەدات.
رونیشیکردووەتەوە، پلانی کارگێڕی بەرشەلۆنە بەشێوەیەکە کە لە هاوینی 2026دا هەوڵەکانیان دەستپێبکەن و دڵنیان کە ئەو یاریزانەش خەونی ئەوەیە درێسی یانەکەیان بپۆشێت بەتایبەت کە لیۆنێل مێسی هاونیشتمانی پێشتر لەو یانەیە بووە بەڵام کێشەکە ئەوە دەبێت کە ئەتلەتیکۆ ئامادەنابێت بە کەمتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ببێت.
