Apora Logo

پارەی بەشە خۆراکی مانگانە بۆ دوو هێندە زیاد دەکرێت

پارەی بەشە خۆراکی مانگانە بۆ دوو هێندە زیاد دەکرێت

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ڕایگەیاند، پارەی وەرگرتنی خۆراکی مانگانە لە هاووڵاتییان لە 500 دینارەوە بۆ 1000 دینار زیاد دەکرێت. دەشڵێت، وەزارەتی بازرگانیی عێراق چەند گۆڕانکارییەک لە سەبەتەی خۆراکی مانگانەدا دەکات.

17/9/2025

ڕۆژی چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025 سەروەر کەمال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای نزیک لە پارتی ڕاگەیاندووە، "لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم، وەزارەتی بازرگانیی عێراق چەند بڕیارێکی نوێ لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانە جێبەجێ دەکات، کە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. تاوەکو ئێستا ئاگادارکردنەوەمان پێنەگەیشتووە، بەڵام دەبێت تاوەکو مانگی کانوونی یەکەم پێمان بگات و هەموو لایەک جێبەجێی بکەن."


بە گوتەی سەروەر کەمال، بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراقەوە دەرچووە، بە ئامانجی ئەوەی ئەو کەسانەی شایستە نین، بەشەخۆراکەکەیان ببڕدرێت و کوالێتیی بەشەخۆراکی مانگانەش باشتر بکرێت.

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم بڕیارە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هاوسەنگیی بازاڕ دەبێت و نرخ تێکدەدات؛ ئەو کەسانەی داهاتی مانگانەیان کەمە، زەرەرمەند دەبن."


هاوکات وەزارەتی بازرگانیی عێراق درەنگانی شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا داوای لە بریکارانی خۆراک و بریکارانی ئارد کرد، سەردانی بنکەکانی دابەشکردن بکەن بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە و ئارد، بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییاندا.


وەزارەتەکە رایگەیاندبوو، "ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێ تەنیا 500 دینارە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە لە هەندێک میدیادا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە زیادکردنی کرێی دابەشکردن یان گۆڕانکاری لە رێکارەکانی بێبەشکردن". دەڵێت: لەم کاتەدا ئەو رێکارانە جێبەجێ ناکرێن.


کۆبوونەوەی ژمارە 28ی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری کە لە 01-09-2025 بەڕێوەچوو، چەند بڕیارێکی نوێ لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانە درا و لە نووسراوێکدا بڵاوکرایەوە، "بڕی ئەو پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت زیاد دەکرێت؛ بۆ هەر کەسێک 1000 دینار وەردەگیرێت، بەو مەرجەی وەزارەت پارەکە بۆ دابینکردن و باشترکردنی بەشەخۆراک بەکاربهێنێتەوە.


هەروەها بەشەخۆراکی ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە رادەگیرێت کە مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار زیاترە (تەنیا مووچەخۆرەکە دەگرێتەوە و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی بەشەخۆراکیان وەر دەگرن)."


لە نووسراوەکەدا هاتووە، "ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی مووچەکەیان لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار زیاترە، بەشەخۆراکی مانگانەی خۆیان و هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان رادەگیرێت."


بڕیارەکە لە 01-12-2025ـەوە جێبەجێ دەکرێت. بەپێی نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری، "خاوەن کۆمپانیا و بەڵێندەرەکانیش بەشەخۆراکی مانگانەیان رادەگیرێت."


لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە یەک ملیۆن و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە یەک ملیۆن و 320 هەزار کەس مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن.

;