لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشی زەمینی قۆناغ بە قۆناغ بۆ سەر شاری غەززە ڕادەگەیەنێت، هەزاران فەلەستینی هەوڵی هەڵاتن لە ناوچەکە دەدەن.
حکومەتی ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی ئابدا پلانی داگیرکردنی شاری غەززەی پەسەند کرد .
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنێکی بەهێزی" لە 16ی ئەیلول لە شاری غەززە دەستیپێکردووە.
ناتانیاهۆ باسی لەوە کردووە کە ئەو شارە یەکێکە لە دوا قەڵا گەورەکانی بزووتنەوەی حەماس.
سوپای ئیسرائیل ڕێگەی بە خەڵکی سڤیل دا کە ڕێگای ئەلڕەشید لە کەنار دەریاکان بۆ چۆڵکردن کەڵک وەربگرن.
زۆر کەس باس لە قەرەباڵغییەکی زۆری ئۆتۆمبێلی بێکۆتا دەکەن.
لەگەڵ بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکان لە ناوچەکە، دەوترێت زۆرێک لە خێزانەکان لەسەر ڕێگاکە گیریان خواردووە.
فڕۆکە ئیسرائیلییەکان شەوی ١٥ی ئەیلول، پێش ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆردومانی چڕی ئاسمانی شارەکەیان ئەنجامدا.
هێرشەکان لە گەڕەکی ئەلدەراج و کەمپی پەنابەرانی ساحیل لە ڕۆژئاوا و شێخ ڕەدوان لە باکوور چڕبوونەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئۆپەراسیۆنەکە بە توخمە وشکانی و ئاسمانییەکان بەردەوام دەبێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی سەربازەکان زیاتر دەبێت.
خەڵکی غەززی ئەو هێرشانەی شەوانەیان بە "جەهەنەم" وەسف کردووە.
هەروەها ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە پۆستێکیدا لە ئەکاونتی ئێکس، دەستەواژەی "غەززە دەسوتێت"ی بەکارهێناوە و هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ئیسرائیل "وازناهێنێت و هەنگاو نانێتە دواوە تا ئەو کاتەی ئەرکەکە تەواو دەبێت".