بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی دەوڵەت، لەبارەی نووسراوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، تایبەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و نانکۆکییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆبێتەوە.
ئەنجومەنەکە داوای ئامادەبوونی دوو ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتەکانی داد و دارایی هەرێمی کوردستان کردووە.
عوسمان تەها، جێگری سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ڕایگەیاند، بانگهێشتكردنی دوو ڕاوێژكار وەك نوێنەری هەرێم بۆ كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی دەوڵەت شەرعییەت دانە بە بڕیارەكانی ئەنجومەنەكە و هاوسەنگیی لەنێوان هەردوولادا دروست دەكات.
وتیشی: بۆ ئەوەی هەردوولایەنی ناكۆک بە ئەنجامی بڕیارەكەی ئەنجومەنی دەوڵەت ڕازی بن، پێویستە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەنێوان دامەزراوەكانی هەرێم و بەغدا هاوسەنگ بن و بە زۆرینە و كەمینە تێنەپەڕێنرێت.
ئەگەر ئەنجومەنی دەوڵەت پێش كۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نەیتوانی ڕاپۆرتی خۆی پێشكەش بكات، ئەوا ڕۆژی چوارشەممە جارێكی دیكە كۆدەبێتەوە.