ڕۆژی دووشەممە 15ی ئەیلولی 2025، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی)، رایگەیاند؛ توانرا دوو گەورە بازرگانیی نێودەوڵەتی مادەی هۆشبەر لە شاری مەدینەی سعودیە دەستگیربکرێن." ڕاشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ئێمە بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوو کەسە خەڵکی پارێزگای سەلاحەدینن، پێکەوە خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەن و نزیکەی شەش ساڵە خەریکی بازرگانیی مادەی هۆشبەرن لە نێوان عێراق، سعودیە، تورکیا و چەند وڵاتێکی کەنداو کە لە رێگەی پاسەکانی تایبەت بە حەج و عومرەوە مادەکانیان گواستووەتەوە بۆ سعودیە.
بە گوتەی عەقید سەلام، ئەو بڕە کریستاڵە شلەی دەستی بەسەردا گیراوە 142 کیلۆگرام دەبێت و "بایی ملیۆنێک و 270 هەزار دۆلارە."
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان گوتیشی؛ "لە وڵاتی سعودیەوە داوایان کرد نوێنەرێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگاکەمان بچێتە ئەو وڵاتە، بۆ هاوکاریکردنیان لە لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە و دۆسیەکانی دیکەی پەیوەست بەو بازرگانییانە."
گوتەبێژی دەزگای ئاسایش دڵنیایی دەدات لەوەی، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەردەوامە لە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بنبڕکردنی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و دەستگیرکردنی بازرگانان.