بەپێی ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور، نوێنەرایەتی کۆریای باکوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "لە میانی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئەمریکا جارێکی دیکە ئیستفزازییەکی سیاسی قورسی ئەنجامدا و هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمیمان بە نایاسایی ناساند و داوای داماڵینی چەکی ئەتۆمی کرد".
لە بەیاننامەکەدا دووپاتی کردووەتەوە کە پێگەی کۆریای باکوور وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی کە "بۆ هەمیشە لە یاسای باڵا و بنەڕەتی وڵاتەکەدا چەسپاوە، گەڕانەوەی نییە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، پیۆنگ یانگ زیاتر لە 30 ساڵە هیچ "پەیوەندییەکی فەرمی" لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا نەبووە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی "نە دەسەڵاتی یاسایی و نە پاساوی ئەخلاقی هەیە بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی لە دەرەوەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی".
کۆریای باکوور لە ساڵی 1994 دوای ناکۆکی لەسەر پشکنینی ئەتۆمی لە ئاژانس کشایەوە و واشنتۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئەو دەزگایە بۆ پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی بەکار دەهێنێت.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پیۆنگ یانگ "بە توندی دژی هەر هەوڵێک دەبێت بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستای کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریا وەک دەوڵەتێکی بەرپرسی چەکی ئەتۆمی"، بە بەکارهێنانی ناوی فەرمی وڵاتەکە.
ئەم بەیاننامەیە دوای سەردانەکەی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور دێت کە هەفتەی ڕابردوو بۆ دامەزراوەکانی توێژینەوەی چەک ئەنجامدا، کە تیایدا ڕایگەیاندبوو پیۆنگ یانگ "سیاسەتی پێشخستنی بنیاتنانی هێزی ئەتۆمی و ئاسایی لە یەک کاتدا پێشنیار دەکات".
لە دوای شکستی لوتکەی ساڵی 2019 لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە داماڵینی چەکی ئەتۆمی، کۆریای باکوور بەردەوام جەختی لەوە کردەوە کە هەرگیز دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی نابێت.