بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، كەمپی هۆل لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا، كەمپێک نییە بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەكان، بەڵكو مۆڵگەیەكە بۆ دروستكردنی داعش.
کەریم نوری، بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەڵێت:"كەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکە بۆمبێكی دواخراوە بۆ ئاسایشی عێراق و رەنگە هەر كاتێک بیانەوێت دژی بەغدا بەكاریبهێنن".
ئاماژەی بەوەشکرد:"مەترسی لە گەڕانەوەی ئاوارەکاندا نییە، بەڵكو لە مانەوەو رادەستكردنیاندایە بە داعش لە کەمپەکە بۆ ئەوەی ببنە مەترسی لەسەر عێراق و ناوچەكە و جیهان".
ئەوەشی خستەڕوو،"تاوەکو ئێستا 12 هەزار كەسیان لە کەمپەکەوە بۆ ناوچەكانیان گەڕاندووەتەوە بەڵام ئەو ئەندامانەی داعش كە تێوەگلاون لە تاوانەکاندا ناگەڕێنەوە عێراق.''
ئەو بریکارە باسی لەوەشکردووە، حكومەتی عێراق هەنگاوی باشی ناوە بۆ گێڕانەوەیان دوای وردبینی ئەمنیی توند، لەم بوارەدا بە لۆژیكی دەوڵەت و دوور لە ترس مامەڵەی كردووە لە چوارچێوەی دیدگایەكی نیشتمانی بۆ لەخۆگرتنەوەی بێتاوانەكان و ئامادەكردنەوەیان بۆ كۆمەڵگا لە كەمپی جەدعە.