Apora Logo

عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە زیندانی ئیمراڵییەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە

عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە زیندانی ئیمراڵییەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە

دەقی پەیامەکەی ئۆجەلان

14/9/2025

بۆ شێخ و ریشسپییەکانی هەرێمەکانی جزیرە، دێرەزوور، رەققە و تەبقا:

دۆستانی هێژا:

لە سەرەتادا بە دڵخۆشی، خۆشەویستی و رێزدارییەوە سڵاوتان لێدەکەم.

یەکێتی و پشتگیریتان لەسەر بنەمای سیستمی نەتەوەی دیموکرات، واتایەکی گەورە هەڵدەگرێت.

ئێوە بەم یەکێتییەتان بناغەیەکی مێژوویی نوێ کە باوەڕی بە پەیوەندی و هاوپەیمانیی نێوان گەلانی کورد و عەرەبە، بونیاددەنێن.

لە دڵی مێژوو و رابردوودا، لە نێوان هەردوو گەلانی کورد و عەرەب پەیوەندی هەبووە. لە قوڵایی مێژوودا، دۆستایەتی و برایەتیی نێوان گەلانی کورد و عەرەب هەمیشە لەپێشینە بووە. تەنانەت ئەم دۆستایەتییە، لە سەردەمی دەرکەوتنی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی بە سەرکردایەتیی پێغەمبەر محەمەد، رێگەی بە زۆربەی کوردەکان دا بە ئاسانی بەشداریی ناو ئاینی ئیسلام ببن. هۆکاری سەرەکیی پەیوەندیی پتەوی نێوان گەلانی کورد و عەرەبە. ئەم پەیوەندییە خوشک و برایەتییە، لە نێوان ئەو دوو گەلەدا بۆ چەند سەدەیەک لە دوای ئیسلام بەردەوامبوو و پەرەیسەند.

ئەم پەیوەندییە کە ئەمڕۆ ئێوە بەڕێوەی دەبەن، لە لایەنێکەوە مێژووییە و لە لایەنێکی دیکەوە کۆمەڵایەتییە. هەروەها خاوەن بناغەیەکی سیاسیشە، هەربۆیە واتا و گرنگییەکی گەورە بەم هەڵوێست و یەکێتییە لە سوریا دەدەن. پشتگیریی لە خوشک و برایەتی و هاوپەیمانیی نێوان گەلانی کورد و عەرەب دەکەم، چونکە بناغەیەکی مێژوویی هەیە.

لەسەر ئەم بنەمایە و هەروەها لەسەر بنەمای خوشک و برایەتی و نەتەوەی دیموکراتدا؛ دەبێت هەمووان یەکسان بن، ئازاد بن، پێکەوەبژین، خۆیان بەڕێوەببەن. دەبێت لەسەر ئەم بنەمایە یەکسانی و دادپەروەریی بونیادبنرێت. دەبێت کورد و عەرەب پێکەوەبژێن. ئەمەش گرێدراوە بە پشتگیرییتان بە هەسەدەوە. پشتگیریتان بۆ هەسەدە، هەڵگری واتایەکی گەورەیە.

دۆستانی هێژا:

ئێوە دەتوانن رۆڵیکی گرنگ و مێژوویی لە بونیادنانی سوریایەکی دیموکرات، ئارام، یەکگرتوو و دادپەروەر بگێڕن. گرنگە عەرەب، کورد، سوری-ئاشووری و هەر کەسێک کە لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە دەژی، بۆ ئەم برایەتییە مێژووییە تێبکۆشێت.

من بەم هیوا و باوەڕەوە لەباوەشتان دەگرم.

جارێکی دیکە بە رێزەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم.

هیوای سەرکەوتن و تەندروست باشیتان بۆ دەخوازم.

سڵاوی دۆستانە و برایەتی.


;