ئەمڕۆ شەممە ١٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق وتی، بەپێی پێشبینیەكانیان كەشی وەرزەكانی پایز و زستانی ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٢٦ لە ئەنجامی دروستبوونی شەپۆلێكی پەستان لە زەریای هێمنەوە ناجێگیر دەبێت و ئەگەری زۆرە بارانبارینی نائاسایی و ناوچەیی لە عێراق رووبدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر ئەوەی عێراق بە هاوینێكی وشكدا تێپەڕیوە، ئەگەری هەیە شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ و لەناكاو چەند ناوچەیەك بگرێتەوە و لافاو دروست ببێت.
دەشڵێت، شێواز و رێژەی دابارین لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر دەگۆڕێت، بەجۆرێك ناوچەكانی هەرێمی كوردستان زۆرترین رێژەی دابارینیان تێدا دەبێت و ناوچەكانی ناوەڕاست و خواروو ئاستێكی مامناوەندی داباریانیان بەردەكەوێت.